Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 37:1-14

دۆڵی ئێسکە وشکەکان

37 ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، جا یەزدان بە ڕۆحی خۆی منی هێنایە دەرەوە و لە ناوەڕاستی دۆڵێک داینام، ئەویش پڕ بوو لە ئێسک. منی بەناو ئێسکەکاندا برد، بینیم کە زۆر وشک بوون و لە زۆریشدا ڕووی دۆڵەکەیان داپۆشیبوو. لەو کاتەدا لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا ئەم ئێسکانە زیندوو دەبنەوە؟»

منیش گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەزانیت.»

پێی فەرمووم: «پێشبینی لەسەر ئەم ئێسکانە بکە و پێیان بڵێ: ”ئەی ئێسکە وشکەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە. دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

منیش چۆن فەرمانم پێ کرابوو بەم جۆرە پێشبینیم کرد. لە کاتی پێشبینیکردندا، گوێم لە دەنگێک بوو، لەناکاو خشەخشێک هات، ئێسکەکان لێک نزیکبوونەوە، هەر ئێسکە و بۆ لای ئێسکەکەی خۆی. سەیرم کرد، ئەوەتا دەمار و گۆشت دایپۆشین و پێست لە سەرەوە بەسەریدا هەڵکێشرا، بەڵام هیچ گیانیان تێدا نەبوو.

ئینجا پێی فەرمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بکە، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بە ڕۆح بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ڕۆح، وەرە لە هەر چوار لاوە هەڵبکە، لەو لایانەی کە بای لێ هەڵدەکات، فوو بەناو ئەم کوژراوانەدا بکە هەتا زیندوو ببنەوە.“» 10 منیش بەو جۆرەی فەرمانی پێ کردم پێشبینیم کرد، ڕۆحیان بە بەردا هات و زیندوو بوونەوە و هەستانە سەرپێ، لەشکرێکی زۆر گەورە بوون.

11 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم ئێسکانە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلن، کە دەڵێن: ”ئێسکمان وشک بوو و ئومێدمان نەما و بڕاینەوە.“ 12 لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گەلەکەم، من گۆڕەکانتان دەکەمەوە و لە گۆڕەکانتان دەرتاندەهێنم، دەتانهێنمە خاکی ئیسرائیل. 13 ئەی گەلەکەم، ئەو کاتە ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک گۆڕەکانتان دەکەمەوە و ئێوە لە گۆڕەکانتان دەردەهێنم. 14 ڕۆحی خۆم دەکەم بە بەرتاندا و زیندوو دەبنەوە و لە خاکی خۆتان داتاندەنێم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»

زەبوورەکان 130

گۆرانی گەشتیاران.

130 ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!
    ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە!
    با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.

ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت،
    ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟
بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە،
    بۆ ئەوەی لێت بترسین.

چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات،
    هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.
گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات،
    زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان،
    زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.

ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
    چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە،
    توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.
هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە
    لە هەموو گوناهەکانی.

ڕۆما 8:6-11

بایەخی سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخی ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە. بایەخی سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی تەوراتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت. جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن.

بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر یەکێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە. 10 ئەگەر مەسیح لە ئێوەدا بێت، ئەوا جەستە بەهۆی گوناه مردووە، بەڵام ڕۆح بەهۆی ڕاستودروستی زیندووە. 11 ئەگەر ڕۆحی ئەوەی عیسای لەنێو مردووان هەستاندەوە لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە بە ڕۆحی خۆی کە لە ئێوەدا نیشتەجێیە لەشی مردووشتان زیندوو دەکاتەوە.

یۆحەنا 11:1-45

مردنی لەعازر

11 پیاوێک بە ناوی لەعازر نەخۆش بوو کە خەڵکی بێت‌عەنیا بوو، هەمان گوندەکەی مریەم و مەرسای خوشکی[a]. ئەم مریەمە ئەوە بوو کە مەسیحی خاوەن شکۆی بە بۆن چەورکرد، بە پرچی پێیەکانی سڕییەوە، لەعازری نەخۆشیش برای بوو. خوشکەکان هەواڵیان بۆ عیسا نارد و گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا ئەوەی خۆشتدەوێ نەخۆشە.»

کاتێک عیسا ئەمەی بیست فەرمووی: «ئەم نەخۆشییە بۆ مردن نییە، بەڵکو بۆ شکۆداری خودایە، تاکو بەهۆیەوە کوڕی خودا شکۆدار بێت.» لەگەڵ ئەوەی عیسا مەرسا و خوشکەکەی و لەعازری خۆشدەویست، بەڵام کاتێک بیستی نەخۆشە، لەو شوێنەی لێی بوو دوو ڕۆژ مایەوە.

دوای ئەمە عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بچینەوە یەهودیا.»

قوتابییەکان پێیان گوت: «ڕابی، تۆزێک لەمەوبەر جولەکەکانی ئەوێ دەیانویست بەردبارانت بکەن، دیسان دەچیتەوە ئەوێ؟»

عیساش وەڵامی دایەوە: «ئایا ڕۆژ دوازدە کاتژمێر نییە؟ ئەوەی بە ڕۆژ بڕوات پێی هەڵناکەوێت، چونکە ڕووناکی ئەم جیهانە دەبینێت. 10 بەڵام ئەوەی بە شەو بڕوات پێی هەڵدەکەوێت، چونکە ڕووناکی تێدا نییە.»

11 ئەمانەی فەرموو، پاشان پێی فەرموون: «لەعازری دۆستمان نوستووە، بەڵام دەڕۆم تاکو بەخەبەری بهێنمەوە.»

12 ئینجا قوتابییەکان پێیان گوت: «گەورەم، ئەگەر ئەو نوستووە، چاکدەبێتەوە.» 13 عیسا باسی مردنی ئەوی کرد، بەڵام ئەوان وایانزانی باس لە نوستنی ئاسایی دەکات.

14 عیساش بە ئاشکرا پێی فەرموون: «لەعازر مردووە. 15 لەبەر ئێوە دڵشادم کە لەوێ نەبووم، تاکو باوەڕ بهێنن. وەرن، با بڕۆین بۆ لای.»

16 تۆماسیش کە بە دووانە بانگ دەکرا، بە قوتابییە هاوەڵەکانی گوت: «با ئێمەش لەگەڵ ئەودا بڕۆین تاکو لەگەڵ ئەودا بمرین.»

منم هەستانەوە و ژیان

17 کاتێک عیسا گەیشت، زانی لەعازر وا چوار ڕۆژە لە گۆڕدایە. 18 بێت‌عەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ[b] لە ئۆرشەلیمەوە دوور بوو. 19 ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان هاتبوونە لای مەرسا و مریەم تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. 20 کاتێک مەرسا بیستی عیسا هاتووە، بەرەوپیری چوو، بەڵام مریەم لە ماڵ مایەوە.

21 ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. 22 ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.»

23 عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.»

24 مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دوایی هەڵدەستێتەوە.»

25 عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. 26 هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»

27 پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.»

گریانی عیسا

28 پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.» 29 ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای. 30 عیسا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مەرسای لێ بینی. 31 ئەو جولەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان مریەم خێرا هەستا و چووە دەرەوە، دوای کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریێت.

32 کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.»

33 عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو، 34 لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.»

35 جا عیسا گریا.

36 لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!»

37 بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی چاک کردەوە، ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟»

زیندووکردنەوەی لەعازر

38 دیسان عیسا لە ناخەوە خەم دایگرت و هاتە لای گۆڕەکە کە ئەشکەوتێک بوو دەمەکەی بەردێکی پێوەنرابوو. 39 عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.»

مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.»

40 عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟»

41 ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم. 42 دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.»

43 کە ئەمەی گوت بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!» 44 ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو.

عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.»

پلانێک بۆ کوشتنی عیسا

45 لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.