Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
146 هەلیلویا!
ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.
2 هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم،
هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.
3 نە پشت بە میرەکان ببەستن،
نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.
4 کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە،
لە هەمان ڕۆژدا نەخشەکانی دەسڕێتەوە.
5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
6 دروستکەری ئاسمان و زەوی و
دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
7 دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
نان دەداتە برسییەکان.
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
8 یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
9 یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.
10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.
هەلیلویا.
17 لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و
لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم،
لە جیاتی داریش بڕۆنز و
لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم.
سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و
ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت.
18 ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت
نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت،
بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و
دەروازەکانیشت ”ستایش“.
19 ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ،
درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ،
بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
خوداشت بۆ شکۆمەندیت.
20 لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت،
مانگی تۆ کەم ناکات،
چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت.
21 لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن،
زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت.
ئەوەی من ناشتوومن نەمامن،
دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.
22 بچووک دەبێت بە هەزار و
بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن.
من یەزدانم،
لە کاتی خۆیدا پەلەی پێ دەکەم.»
چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا
27 عیسا بەوێدا دەڕۆیشت، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
28 کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»
29 ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» 30 ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.» 31 بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەموو ناوچەکەیان لێی تێگەیاند.
لاڵێک دەکەوێتە قسەکردن
32 کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا، ڕۆحی پیسی تێدابوو. 33 کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون، گوتیان: «قەت لە ئیسرائیلدا شتی وا ڕووی نەداوە.»
34 بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.