Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]. بۆ ئاساف.
81 هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.
2 ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن،
سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.
3 لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و
لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان.
4 چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل،
حوکمی خودای یاقوبە.
5 لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا،
کە لە خاکی میسر دەریهێنا.
گوێمان لە زمانێکە کە تێنەگەیشتین:
6 «بارم لەسەر شانەکانی لادا،
دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.
7 لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت،
لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە،
لە مێرگی مەریبا[b] تاقیم کردیتەوە.[c]
8 ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە.
ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!
9 لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت،
کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.
10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
کە لە خاکی میسر دەرمهێنای.
دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.
11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
ئیسرائیل منی نەویست.
12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.
13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»
گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام
29 ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. 2 بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. 3 کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.
4 یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»
5 پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»
گوتیان: «دەیناسین.»
6 ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»
گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچییەتی مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»
7 گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»
8 ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»
9 هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. 10 کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، یاقوب چووە پێشەوە و تلی دا بە بەردی سەر بیرەکە و مەڕەکانی لابانی خاڵی ئاو دا. 11 یاقوب ڕاحێلی ماچکرد و دەنگی بەرزکردەوە و گریا. 12 ئیتر یاقوب لە ڕاحێلی گەیاند کە ئەو کەسی باوکییەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.
13 هەر کە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. جا هەموو ئەم شتانەی بۆ لابان باسکرد. 14 لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»
هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل
لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە،
ئاگادارکردنەوەیەک
10 خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی[a]. 2 جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران[b]، 3 هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد. 4 هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو[c]، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.