Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 95

95 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
    هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
    بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.

چونکە یەزدان خودایەکی گەورەیە،
    پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
    لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
    بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.

وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
    لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
چونکە ئەو خودامانە و
    ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
    مەڕی دەستی ئەوین.

ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
    وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[a] لە بیابان،
لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
    هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
    بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
    فەرمووم: «ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
    ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»

دەرچوون 16:9-21

موسا بە هارونی گوت: «بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”نزیک ببنەوە بۆ بەردەم یەزدان، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو.“»

10 ئەوە بوو لەو کاتەی هارون لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل دەدوا، ئاوڕیان دایەوە بەرەو چۆڵەوانی و بینییان شکۆمەندی یەزدان لەناو هەور دەبینرێت.

11 یەزدانیش بە موسای فەرموو: 12 «گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو، لەگەڵیان بدوێ و بڵێ: ”ئێواران گۆشت دەخۆن و بەیانی تێر نان دەبن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

13 ئەوە بوو لە ئێوارە سوێسکە[a] بەرز بوونەوە و ئۆردوگاکەیان داپۆشی، بەیانیش شەونم لە دەوروبەری ئۆردوگا کەوتبوو. 14 کاتێک شەونمە کەوتووەکەش بەرزبووەوە، بینییان وا لەسەر ڕووی چۆڵەوانییەکە شتێکی وردی وەک توێکڵ، ورد وەک زوقم لەسەر زەوییەکەیە. 15 کاتێک نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بینی بە یەکتریان گوت: «ئەوە چییە؟» چونکە نەیاندەزانی چییە.

موساش پێی گوتن: «ئەوە ئەو نانەیە کە یەزدان بە ئێوەی داوە بۆ ئەوەی بیخۆن. 16 ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”با هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لێی هەڵبگرێتەوە، ئۆمرێک[b] بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان هەریەکە بۆ ئەوانەی لە چادرەکەی ئەون دەیباتەوە.“»

17 نەوەی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد و زۆر و کەم هەڵیانگرتەوە. 18 بەڵام کاتێک بە ئۆمر پێوایان، نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی هەڵیگرتەوە.

19 موسا پێی گوتن: «هیچ کەس لێی نەمێنێتەوە بۆ بەیانی.»

20 بەڵام گوێیان لە موسا نەگرت، بەڵکو هەندێک خەڵک لێیان هێشتەوە بۆ بەیانی، جا کرم لێیدا و کەڕووی کرد، موساش لێیان تووڕە بوو.

21 ئیتر هەموو بەیانییەک هەڵیاندەگرتەوە، هەرکەسە بەگوێرەی خواردنی، کە خۆریش گەرم دادەهات دەتوایەوە.

ئەفەسۆس 2:11-22

مەسیح ئاشتیی ئێمەیە

11 بۆیە وەبیرتان بێتەوە، ئێوە بە جولەکەیی لەدایک نەبوون، پێتان دەگوترا «خەتەنە نەکراو» لەلایەن ئەوانەی پێیان دەگوترا «خەتەنەکراو»، ئەوەی لە جەستەدا بە دەست کراوە، 12 ئەو کاتە بێ مەسیح بوون، لە هاوڵاتییەتی ئیسرائیل بێگانە بوون و لە پەیمانەکانی بەڵێن نامۆ بوون، لە جیهاندا بێ هیوا و بێ خودا بوون. 13 بەڵام ئێوە ئێستا لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، هەرچەندە پێشتر دوور بوون، بە خوێنی مەسیح نزیک بوونەوە.

14 لەبەر ئەوەی مەسیح ئاشتی ئێمەیە، جولەکە و ناجولەکەی کرد بە‏ یەک‏، دیواری ناوبڕی دوژمنایەتی ڕووخاند، 15 بە جەستەی خۆی تەوراتی بە فەرمان و فەرزەکانییەوە بەلاوە نا[a]، بە ئامانجی ئەوەی بە یەکبوونیان لەگەڵ خۆی لە هەردووکیان[b] مرۆڤێکی نوێ دروستبکات و بەم شێوەیە ئاشتی بچەسپێنێت، 16 تاکو هەردووکیان لە یەک لەشدا لەگەڵ خودا ئاشت بکاتەوە بە خاچ، بەوەش دوژمنایەتیی لەناوبرد. 17 مەسیح هات و مژدەی ئاشتیی پێدان، بۆ ئێوە کە دوورن و نزیکن، 18 چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە هەردوو لامان لە یەک ڕۆحدا ڕێپێدراویێتیمان[c] هەیە بۆ چوونە لای باوک.

19 بۆیە ئیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو دەبنە هاوڵاتی لەگەڵ گەلی پیرۆزی خودا و بنەماڵەی خودا، 20 لەسەر بناغەی نێردراوان و پێغەمبەران بنیاد نراون، عیسای مەسیحیش خۆی گرنگترین بەردی بناغەیە[d]. 21 هەموو خانووەکە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پێکەوە بەستراوە و گەشە دەکات هەتا ببێتە پەرستگایەکی پیرۆز بۆ مەسیح. 22 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا پێکەوە بنیادنراون، تاکو ببنە خانووێک بۆ ڕۆحی خودا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.