Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 95

95 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
    هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
    بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.

چونکە یەزدان خودایەکی گەورەیە،
    پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
    لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
    بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.

وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
    لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
چونکە ئەو خودامانە و
    ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
    مەڕی دەستی ئەوین.

ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
    وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[a] لە بیابان،
لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
    هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
    بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
    فەرمووم: «ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
    ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»

دەرچوون 16:1-8

مەن و سوێسکە

16 لەدوای ئەوە لە ئێلیم کۆچیان کرد و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل هاتنە چۆڵەوانی سین[a] کە لەنێوان ئێلیم و سینایە، لە ڕۆژی پازدەی مانگی دووەم لەدوای کۆچکردنیان لە خاکی میسر. هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانیدا بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا و هارون کرد. نەوەی ئیسرائیل پێیان گوتن: «خۆزگە بە دەستی یەزدان لە خاکی میسردا بمردبووینایە، بۆ خۆمان لای مەنجەڵی گۆشت دانیشتبووین و بە تێری نانمان دەخوارد، بەڵام ئێمەتان دەرهێنا بۆ ئەم چۆڵەوانییە هەتا هەموو ئەم کۆمەڵە بە برسیێتی بکوژن.»

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە ئاسمانەوە نانتان بۆ دەبارێنم، گەلیش دەبێت بچنە دەرەوە و هەر ڕۆژە و پێویستی ئەو ڕۆژە هەڵیبگرنەوە. بەم شێوەیە تاقییان دەکەمەوە ئاخۆ بەگوێرەی فێرکردنەکەم دەڕۆن یان نا. ئەوە دەبێت لە ڕۆژی شەشەم ئەوەی دەیهێنن ئامادەی بکەن، ئیتر دەبێتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ڕۆژانە هەڵیدەگرنەوە.»

جا موسا و هارون بە هەموو نەوەی ئیسرائیلیان گوت: «ئێوارە دەزانن کە یەزدان ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا. بەیانیش شکۆی یەزدان دەبینن لە گوێگرتنی لە بۆڵەبۆڵتان لە دژی یەزدان، بەڵام ئێمە چین تاکو لە دژمان بۆڵەبۆڵ بکەن؟» موسا گوتی: «ئێوە بەوە دەزانن کە یەزدانە کاتێک ئێواران گۆشتتان دەداتێ و بەیانیان نانتان دەداتێ بیخۆن، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو لە دژی. بەڵام ئێمە کێین؟ بۆڵەبۆڵتان لە دژی ئێمە نییە، بەڵکو لە دژی یەزدانە.»

کۆلۆسی 1:15-23

عیسا وێنەی خودای نەبینراوە

15 کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە[a] و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، 16 چونکە بەهۆی ئەوەوە هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی بەهۆی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. 17 ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەهۆی ئەوەوە یەکیگرتووە. 18 ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، 19 چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت، 20 لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە، بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.

21 ئێوە پێشتر لە خودا دابڕابوون و دوژمن بوون لە بیرکردنەوە بە خراپەکاری، 22 بەڵام ئێستا بەهۆی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح بە مردن ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ گلەیی پێشکەشتان بکات، 23 ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی لە هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.