Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
128 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان بترسێت،
ڕێگای ئەو بگرێتەبەر.
2 کە بەری ڕەنجی دەستی خۆت دەخۆیت،
خۆزگەت پێ دەخوازرێت و چاکیشە بۆت.
3 ژنەکەت وەک دار مێوێکی بەردار دەبێت لەناو ماڵەکەت،
کوڕەکانت وەک شەتڵە زەیتوون دەبن لە دەوری خوانەکەت.
4 ئەو کەسەی لە یەزدان بترسێت
ئاوا بەرەکەتدار دەبێت.
5 یەزدان لە سییۆن بەرەکەتدارت بکات،
چاکەی ئۆرشەلیم ببینیت
هەموو ڕۆژانی ژیانت و
6 منداڵی منداڵەکانت ببینیت!
ئاشتی بۆ ئیسرائیل!
موسا مارێک لە بڕۆنز دروستدەکات
4 ئینجا لە کێوی هۆرەوە بە ڕێگای دەریای سوور کۆچیان کرد هەتا بە خاکی ئەدۆمدا بسوڕێنەوە، جا گەل لە ڕێگادا ئارامییان لێ بڕا. 5 گەل لە دژی خودا و موسا قسەیان کرد و گوتیان: «بۆچی لە میسر دەرتانهێناین هەتا لە چۆڵەوانی بمرین؟ چونکە نە نان هەیە و نە ئاو! ئەم خواردنە بێ تامەمان لەبەرچاو کەوتووە.»
6 یەزدانیش ماری ژەهراوی بۆ سەر گەل نارد و بە گەلیانەوە دا و خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل مردن. 7 ئینجا گەل هاتنە لای موسا و گوتیان: «گوناهمان کرد لە دژی یەزدان و لە دژی تۆش قسەمان کرد. لەبەر ئەوە نزا بۆ یەزدان بکە هەتا ئەو مارانەمان لەسەر هەڵبگرێت.» موساش لە پێناوی گەل نزای کرد.
8 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «مارێکی ژەهراوی دروستبکە و لەسەر ستوونێک هەڵیبواسە، جا هەر یەکێک پێیەوەدرا و تەماشای کرد دەژیێت.» 9 موساش مارێکی لە بڕۆنز دروستکرد و لەسەر ستوونێک هەڵیواسی، ئەوە بوو هەر کاتێک یەکێک مار پێوەی دەدا و تەماشای مارە بڕۆنزییەکەی دەکرد دەژیا.
عیسا پایەبەرزترە لە موسا
3 کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆک کاهینی دانپێدانانمانە. 2 ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. 3 عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. 4 لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک یەکێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. 5 موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. 6 بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا[a] دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.