Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 12:1-4

بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە

12 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.

«جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن،
    بەرەکەتدارت دەکەم،
ناوت مەزن دەکەم،
    دەبیتە بەرەکەت.
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم،
    نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم.
هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش
    لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»

ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، ڵوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت.

زەبوورەکان 121

گۆرانی گەشتیاران.

121 چاوم بەرەو چیاکان[a] هەڵدەبڕم،
    یارمەتی من لەکوێوە دێت؟
یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

لێ ناگەڕێت پێت بخزێت،
    ئەوەی دەتپارێزێت خەواڵوو نابێت.
بێگومان ئەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت
    خەواڵوو نابێت و نانوێت.

یەزدان پارێزگاری تۆیە،
    یەزدان سێبەری تۆیە لەلای دەستە ڕاستت،
نە خۆر بە ڕۆژ ئەزیەتت دەدات،
    نە مانگ بە شەو.

یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت،
    گیانت دەپارێزێت.
یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات،
    لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.

ڕۆما 4:1-5

نموونەی ئیبراهیم

ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیمی باوکمان بەگوێرەی جەستە چی دۆزییەوە؟ ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا. ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][a]

ئەوەی کار دەکات‏، کرێیەکەی مافی خۆیەتی و بەخشینێکی ناشایستە نییە. بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت.

ڕۆما 4:13-17

13 جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو تاکو ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەی کە بە ڕێگای باوەڕەوە[a] بوو، 14 چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە تەورات دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ، 15 چونکە تەورات تووڕەیی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر تەورات نەبێت، سەرپێچیش نییە.

16 بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە تەورات دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە، 17 وەکو نووسراوە: [من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە.][b] ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.

یۆحەنا 3:1-17

لەدایکبوون لە ڕۆح

پیاوێک لە فەریسییەکان هەبوو بە ناوی نیقۆدیمۆس، یەکێک بوو لە ڕابەرانی جولەکە. بە شەو هاتە لای عیسا و پێی گوت: «ڕابی، دەزانین تۆ مامۆستایەکی لەلای خوداوە هاتوویت، چونکە کەس ناتوانێت ئەو پەرجووانە بکات کە تۆ دەیکەیت، ئەگەر خودای لەگەڵ نەبێت.»

عیساش وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە[a]، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.»

نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا. ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە. سەرسام مەبە کە پێم گوتی: ”دەبێ لەدایک ببنەوە.“ با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک بووە ئاوایە.»

نیقۆدیمۆس گوتی: «چۆن دەکرێ ئەمانە ڕووبدەن؟»

10 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ مامۆستایەکی ئیسرائیلی و ئەمانەش نازانیت؟ 11 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەوەی دەیزانین دەیڵێین و ئەوەی دەیبینین شایەتی بۆ دەدەین، ئێوەش شایەتیمان قبوڵ ناکەن. 12 باسی شتە زەمینییەکانم بۆتان کرد و باوەڕ ناکەن، ئیتر چۆن باوەڕ دەکەن ئەگەر باسی شتە ئاسمانییەکانتان بۆ بکەم؟ 13 کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان جگە لەوەی لە ئاسمان هاتووەتە خوارەوە، کە ئەویش کوڕی مرۆڤە. 14 وەک موسا لە چۆڵەوانی مارەکەی[b] بەرزکردەوە، ئاواش دەبێ کوڕی مرۆڤ بەرز بکرێتەوە، 15 تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت.»

16 لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، 17 چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت.

مەتا 17:1-9

شێوە گۆڕانی عیسا

17 دوای شەش ڕۆژ عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای برد و بە تەنها بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕابەرایەتی کردن. لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان. لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.

ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز بکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»

کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»

کاتێک قوتابییەکان گوێیان لێبوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان. بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!» ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.

کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.