Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 51

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.

51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
    لە گوناهم پاکم بکەرەوە.

چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
    هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
    لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
    دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
    گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
    لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.

بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
    بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
    با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
    هەموو خراپەکانم بسڕەوە.

10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
    ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
    ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
    بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.

13 ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ دەکەم،
    گوناهباران دەگەڕێنەوە لات.
14 ئەی خودایە، خودای ڕزگاریم، لە سزای خوێنڕشتن دەربازم بکە،
    هەتا زمانم گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا بڵێت.
15 ئەی پەروەردگار، لێوەکانم لێک بکەرەوە و
    دەمم ستایشت ڕابگەیەنێت.
16 تۆ بە قوربانی دڵشاد نابیت، ئەگینا پێشکەشی دەکەم،
    بە قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت.
17 قوربانییەکان بۆ خودا ڕۆحی شکاوە،
    ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.

18 بە ڕەزامەندی خۆت چاکە لەگەڵ سییۆن بکە،
    شووراکانی ئۆرشەلیم بنیاد بنێوە.
19 ئەوسا بە قوربانی ڕاستودروستی و
    بە قوربانی سووتاندنی تەواو دڵشاد دەبیت،
    ئەوسا گا لەسەر قوربانگاکەت پێشکەش دەکرێت.

یونس 3

چوونی یونس بۆ نەینەوا

ئینجا جارێکی دیکە فەرمایشتی یەزدان بۆ یونس هاتەوە، پێی فەرموو: «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا، ئەو پەیامەی پێت دەفەرمووم پێی ڕابگەیەنە.»

یونسیش بەو شێوەیەی یەزدان پێی فەرموو هەستا و چوو بۆ نەینەوا، نەینەواش شارێکی زۆر مەزن بوو، سەردانیکردنی پێویستی بە سێ ڕۆژ هەبوو. یونس چووە ناو شارەکە. لە یەکەم ڕۆژەوە بانگەوازی کرد و گوتی: «چل ڕۆژی دیکە نەینەوا سەرەوژێر دەبێت.» ئیتر خەڵکی نەینەوا باوەڕیان بە خودا هێنا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند و جلوبەرگی گوشیان[a] پۆشی، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.

کارەکە گەیشتەوە پاشای نەینەوا، ئەویش لەسەر تەختەکەی هەستا و کەواکەی لەبەر خۆی داکەند، جلوبەرگی گوشی پۆشی و لەسەر خۆڵەمێش دانیشت. ئیتر لە نەینەوا جاڕدرا و گوترا:

بە فەرمانی پاشا و پیاوە گەورەکانی:

نابێت نە خەڵک و نە ئاژەڵ، نە لە گاگەل نە لە مێگەل، هیچ بچێژن، مەهێڵن نان بخۆن و ئاو بخۆنەوە. با خەڵک و ئاژەڵەکان جلوبەرگی گوش بپۆشن و زۆر لە خودا بپاڕێنەوە، با هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی و لە ستەمکارییەکەی بگەڕێتەوە. کێ دەزانێت؟ بەڵکو خودا سزایەکە ڕەت بکاتەوە، کڵپەی تووڕەییەکەی دابمرکێتەوە و لەناونەچین.

10 کاتێک خودا کارەکانی ئەوانی بینی، بینی وا لە ڕێگای خراپەکاری گەڕاونەتەوە، خودا پاشگەز بووەوە لەو خراپەیەی کە فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت، ئیتر نەیکرد.

ڕۆما 1:1-7

لە پۆڵسی بەندەی عیسای مەسیح، نێردراوی بانگکراو و تەرخانکراو بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی[a] خودا، ئەوەی کە خودا پێشتر لە نووسراوە پیرۆزەکاندا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە بەڵێنی دابوو، سەبارەت بە کوڕەکەی کە بە جەستە لە نەوەی داود بوو، هەروەها بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز و بە هێزی هەستانەوەی لەنێو مردووان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بە کوڕی خودا دیاری کرا. لە پێناوی ناوی مەسیح و لە ڕێگەی ئەوەوە، نیعمەت[b] و نێردراویێتیمان وەرگرت، تاکو هەموو نەتەوەکان بانگ بکەین بۆ ئەوەی باوەڕ بە مەسیح بهێنن و گوێڕایەڵی بن. ئێوەش لەنێو ئەوانەدان کە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی هی عیسای مەسیح بن.

بۆ هەموو ئەوانەی خۆشەویستی خودان و لە ڕۆما دەژین، بانگکراون بۆ ئەوەی پیرۆز بن:

با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.