Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یۆئێل 2:1-2

سوپای کوللە

لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
    لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.

با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن،
    چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.
ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
    ڕۆژی هەور و تەمی چڕە.
وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت،
    سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت،
لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە،
    لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.

یۆئێل 2:12-17

دڵتان دابدڕن

12 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا،
    بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام،
    بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.»

13 دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان،
    بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە میهرەبان و بە بەزەییە،
    پشوودرێژە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە،
    لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە.
14 کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە،
    لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت،
بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
    بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.

15 لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
    ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،
    بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن.
16 گەل کۆبکەنەوە و
    کۆمەڵ تەرخان بکەن،
پیران خڕبکەنەوە و
    منداڵان کۆبکەنەوە
    لەگەڵ شیرەخۆرەکان.
با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە،
    بووکیش لە کوللەکەی.
17 با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان،
    لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن.
با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت،
    میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر،
هەتا گەلان بیانکەنە پەند.
    بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“»

ئیشایا 58:1-12

ڕۆژووگرتنی ڕاستەقینە

58 «پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە،
    وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە!
یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە،
    گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.
ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن و
    خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم،
وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت و
    حوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت.
داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن و
    خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.
دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین،
    خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“

«وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن و
    هەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.
وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی،
    بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن.
ئەمڕۆ بەڕۆژوو نابن
    بۆ ئەوەی لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.
ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟
    مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات،
وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و
    لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟
ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو،
یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟

«ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت،
کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و
    گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە،
چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و
    هەموو نیرێک بشکێنن؟
ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و
    هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە،
کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و
    خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟
ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە،
    تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات،
ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و
    شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.
ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە،
    هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام.

«ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و
    واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنێت،
10 هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و
    پێداویستی زەلیل دابین بکەیت،
ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و
    تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.
11 یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و
    لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و
    جەستەت بەهێز دەکات.
وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت،
    کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.
12 گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە،
    بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە،
ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و
    ”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.

زەبوورەکان 51:1-17

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.

51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
    لە گوناهم پاکم بکەرەوە.

چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
    هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
    لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
    دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
    گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
    لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.

بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
    بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
    با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
    هەموو خراپەکانم بسڕەوە.

10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
    ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
    ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
    بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.

13 ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ دەکەم،
    گوناهباران دەگەڕێنەوە لات.
14 ئەی خودایە، خودای ڕزگاریم، لە سزای خوێنڕشتن دەربازم بکە،
    هەتا زمانم گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا بڵێت.
15 ئەی پەروەردگار، لێوەکانم لێک بکەرەوە و
    دەمم ستایشت ڕابگەیەنێت.
16 تۆ بە قوربانی دڵشاد نابیت، ئەگینا پێشکەشی دەکەم،
    بە قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت.
17 قوربانییەکان بۆ خودا ڕۆحی شکاوە،
    ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.

دووەم کۆرنسۆس 5:20-6:10

20 کەواتە ئێمە باڵوێزی مەسیحین، خوداش لە ڕێگەی ئێمەوە جیهان بانگهێشت دەکات، لەبری مەسیح لێتان دەپاڕێینەوە: لەگەڵ خودا ئاشت بنەوە. 21 ئەوەی گوناهی نەدەناسی خودا لە پێناوی ئێمە کردییە گوناه، تاکو بە یەکبوون لەگەڵ ئەو ببین بە ڕاستودروستی خودا.

وەک هاوکاری خوداین، لێتان دەپاڕێینەوە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، چونکە دەفەرموێ:

[لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،
    لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.][a]

ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.

خۆسەلماندنی پۆڵس

لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوونی و شەونخونی و برسیێتی، بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی بۆ دەستە ڕاست و چەپ، بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، 10 وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

مەتا 6:1-6

خێرکردن

«هۆشیار بن. نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن، بۆ ئەوەی بتانبینن. ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت.

«لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، لەپێش خۆت زوڕنا لێمەدە وەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، تاکو لەلایەن خەڵک ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.

نوێژکردن

«کاتێک نوێژ دەکەن وەک دووڕووان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نوێژ بکەن، تاکو بۆ خەڵک دیار بن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.

مەتا 6:16-21

ڕۆژووگرتن

16 «کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ڕوویان دەگۆڕن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 17 بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ، 18 تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها باوکی نەبینراوت نەبێت، باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.

گەنجینەی ڕاستەقینە

19 «لەسەر زەوی گەنجینە بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن، دز دەیبڕێت و دەیدزێت. 20 بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن، دزیش نایبڕێت و نایدزێت، 21 چونکە گەنجینەکەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.