Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 2

بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
    گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
    سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[a] و دەڵێن:
«با کۆتەکانیان بشکێنین و
    زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
    پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
    بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن[b] داناوە،
    لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
    پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
    ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
    وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»

10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
    سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
    بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12 کوڕەکە ماچ[c] بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
    لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
    خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.

یەکەم پاشایان 21:20-29

20 ئەحاڤ بە ئەلیاسی گوت: «دوژمنەکەم، منت دۆزییەوە!»

ئەویش گوتی: «تۆم دۆزییەوە، لەبەر ئەوەی خۆتت فرۆشتووە تاکو ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپە، ئەنجامی بدەیت. 21 ”من وا بەڵات بەسەردا دەهێنم و ڕیشەکێشت دەکەم، هەرچی نێرینە و کۆیلە و ئازادی ئەحاڤە لە ئیسرائیلدا قڕی دەکەم. 22 ماڵەکەشت وەک ماڵی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بەعشای کوڕی ئاحییای لێ دەکەم، لەبەر ئەوەی پەستت کردم و ئیسرائیلت تووشی گوناه کرد.“

23 «هەروەها یەزدان لەبارەی ئیزابێلیشەوە فەرمووی: ”سەگ لە نزیک شووراکەی یەزرەعیلەوە ئیزابێل دەخۆن.“

24 «ئەوەی لە بنەماڵەی ئەحاڤ بێت و لە شاردا بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگەدا بمرێت باڵندەکانی ئاسمان دەیخۆن.»

25 کەس نەبوو وەک ئەحاڤ خۆی بفرۆشێت هەتا ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپە ئەنجامی بدات، چونکە ئیزابێلی ژنی فریوی دا. 26 قێزەون بوو بە پەیڕەوکردنی لە بتەکان، وەک هەموو ئەوەی ئەمورییەکان کردیان، ئەوەی یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەریکردن.

27 کاتێک ئەحاڤ گوێی لەم قسانە بوو، جلەکانی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی و بەڕۆژوو بوو، بە بەرگی گوشەوە پاڵکەوت و بە بێدەنگی ڕۆیشت.

28 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات: 29 «بینیت ئەحاڤ چۆن لەبەردەممدا خۆی نزم کردەوە؟ لەبەر ئەوەی لەبەردەمم خۆی نزم کردووەتەوە، هەتا ئەو لە ژیاندا بێت ئەم بەڵایە ناهێنم، بەڵکو لەدوای ئەو لە سەردەمی کوڕەکەی بەڵاکە بەسەر ماڵەکەیدا دەهێنم.»

مەرقۆس 9:9-13

کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10 ئەوانیش بابەتەکەیان بۆ خۆیان هێشتەوە و گفتوگۆیان بوو: «هەستانەوە لەنێو مردووان چییە؟»

11 پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»

12 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. ئەی چۆن دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ 13 بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.