Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 37:1-17

زەبوورێکی داود.

37 بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ،
    بەغیلی بە بەدکاران مەبە،
چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن،
    وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن.

پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە،
    لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە.
خۆشی لە یەزدان ببینە،
    داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت.

ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و
    متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات:
ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات،
    بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ.

لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە،
    کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون،
    کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ.

لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە.
    مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات.
چونکە بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە،
    بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە.

10 پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت،
    دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە.
11 بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و
    خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن.

12 خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و
    ددانی لێ جیڕدەکاتەوە،
13 بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت،
    چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.

14 بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و
    کەوانەکانیان دەچەمێننەوە،
بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن،
    بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە.
15 بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان،
    کەوانەکانیان تێکدەشکێت.

16 ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی،
    لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە،
17 چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت،
    بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت.

ڕائووس 3:1-13

ڕائووس و بۆعەز لە جۆخینەکە

ناعۆمی خەسووی پێی گوت: «کچم ئایا پێویست نییە هەوڵ بدەم بۆ حەوانەوەت کە خێری تۆی تێدابێت؟ بۆعەز ئەوەی کە لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بوویت خزممانە و ئەوەتا ئەمشەو لەسەر جۆخینەکە[a] شەنی جۆ دەکات. خۆت بشۆ و بۆن لە خۆت بدە و خۆت بگۆڕە و بڕۆ بۆ سەر جۆخینەکە بەڵام خۆت ئاشکرا مەکە لەلای پیاوەکە هەتا لە خواردن و خواردنەوە دەبێتەوە. هەر کە پاڵکەوت، بزانە شوێنی پاڵکەوتنەکەی کوێیە. بڕۆ لای پێی هەڵبدەوە و پاڵبکەوە، ئیتر خۆی پێت دەڵێت چی بکەیت.»

ئەویش پێی گوت: «هەرچییەکت گوت دەیکەم.» ئیتر چووە سەر جۆخینەکە و هەموو ئەوەی کە خەسووی فەرمانی پێدا کردی.

بۆعەز خواردی و خواردیەوە و دڵی خۆش بوو و چووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لە قەراغی دانەوێڵە کۆکراوەکەدا پاڵ بکەوێت. ئەویش بەدزییەوە چووە ژوورەوە و لای پێیەکانی بۆعەزی هەڵدایەوە و پاڵکەوت. لە نیوەشەودا بۆعەز پەشۆکا، ئاوڕی دایەوە تەماشای کرد ژنێک لەلای پێیەوە پاڵکەوتووە.

گوتی: «تۆ کێیت؟»

ئەویش گوتی: «من ڕائووسی کارەکەری تۆم. دامێنی کراسەکەت بدە[b] بەسەر خزمەتکارەکەتدا چونکە تۆ خوێنگری منیت.»

10 ئەویش گوتی: «با تۆ لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بیت کچەکەم، چونکە ئەم چاکەیەی دواییت زیاترە لەوەی یەکەم جارت، چونکە هەوڵت نەداوە شوێن لاوان بکەویت، هەژار بن یان دەوڵەمەند. 11 ئێستاش کچی خۆم مەترسە. هەرچییەک بڵێی بۆت دەکەم، چونکە هەموو پیاوماقوڵانی شارۆچکەکەم دەزانن کە تۆ ژنێکی ڕەوشت بەرزیت. 12 ئێستاش ڕاستە من خزمم، بەڵام خوێنگرێکی دیکە هەیە کە لە من پێشترە.[c] 13 ئەمشەو بخەوە، بەیانی ئەگەر ئەو خزمە بە مافی پێشینەیی خزمایەتی هەستا ئەوا باشە، با بەجێی بهێنێت. بە یەزدانی زیندوو! ئەگەر ئەو نەیویست مافی پێشینەیی خزمایەتی بەجێبهێنێت، ئەوا من بەجێی دەهێنم. تۆ هەتا بەیانی پاڵبکەوە.»

ڕائووس 4:13-22

بنەچەی داود

13 ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو. 14 ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە. 15 دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشویست و ئەو بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.»

16 ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی. 17 ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو.

18 ئەمانەش نەوەکانی پێرێزن:

پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،

19 حەسرۆنیش باوکی ڕام بوو،

ڕامیش باوکی عەمیناداب بوو،

20 عەمینادابیش باوکی نەحشۆن بوو،

نەحشۆنیش باوکی سەلمۆن بوو،

21 سەلمۆنیش باوکی بۆعەز بوو،

بۆعەزیش باوکی عوبێد بوو،

22 عوبێدیش باوکی یەسا بوو و

یەساش باوکی داود بوو.

لۆقا 6:17-26

17 ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەختایی ڕاوەستا. لەوێ کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییەکانی و خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، 18 هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە، ئەوانەش کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. 19 هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاکدەکردەوە.

20 ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی:

«خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران،
    چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە.
21 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین،
    چونکە تێر دەبن.
خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن،
    چونکە پێدەکەنن.
22 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی ڕقی لێتان دەبێتەوە و
    کاتێک جیاتان دەکەنەوە، جنێوتان پێدەدەن و
    بە بەدکار ناوتان دەبەن، لەبەر کوڕی مرۆڤ.

23 «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.

24 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان،
    چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە.
25 قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن،
    چونکە ئێوە برسی دەبن.
قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن،
    چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن.
26 قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات،
    چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.