Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
سکاڵای یەزدان لە دژی ئیسرائیل
6 گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت:
«هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە،
با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.
2 «ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن،
ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن!
چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی،
داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.
3 «ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟
بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە!
4 من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت،
لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە.
من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات،
هەروەها هارون و مریەمیش.
5 ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت
بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و
بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە.
گەشتەکەت لە شەتیمەوە تاکو گلگال بهێنەرەوە یادت،
تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»
6 بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و
بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟
ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی،
بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟
7 ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و
بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟
ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم،
بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟
8 ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و
داوای چیت لێدەکات:
دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و
بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.
زەبوورێکی داود.
15 ئەی یەزدان، کێ لە پیرۆزگای تۆ نیشتەجێ دەبێت؟
کێ لەسەر کێوی پیرۆزی تۆ دەژیێت؟
2 ئەو کەسەی ڕێگای تەواو دەگرێت و
ڕاستودروستی پەیڕەو دەکات،
لە دڵەوە بە ڕاستگۆیی قسە دەکات و
3 بە زمانی بوختان ناکات،
کە خراپە لەگەڵ کەس ناکات و
هاوڕێکەی شەرمەزار ناکات،
4 کە بە سووکایەتییەوە دەڕوانێتە خراپەکاران
بەڵام ڕێزی ئەوانە دەگرێت کە ترسی یەزدانیان لە دڵدایە،
کە سوێندی خۆی بەجێدەهێنێت،
ئەگەر ببێتە مایەی زەرەریش بۆی،
5 کە پارە بە سوود نادات و
بەرتیل وەرناگرێت لە دژی پیاوی بێتاوان.
ئەوەی ئەم شتانە بکات،
هەتاهەتایە جێی لەق نابێت.
مەسیح دانایی و توانای خودایە
18 پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە. 19 لەبەر ئەوەی نووسراوە:
[دانایی داناکان لەناودەبەم،
تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.][a]
20 کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟ 21 خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن. 22 جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن، 23 بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە، 24 بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێزی خودا و دانایی خودایە، 25 چونکە گێلایەتی خودا لە مرۆڤ داناترە، لاوازی خودا لە مرۆڤ بەهێزترە.
26 ئەی خوشک و برایان، بیربکەنەوە چۆن بوون کاتێک خودا بانگی کردن. بەپێی پێوانە مرۆییەکان کەمتان دانا بوون، هەروەها کەم کەستان توانادار و لە بنەماڵەی ناودار بوون. 27 بەڵام خودا ئەوانەی هەڵبژارد کە بەلای جیهانەوە گێلن، تاکو داناکان شەرمەزار بن، لاوازەکانی هەڵبژارد تاکو بەهێزەکان شەرمەزار بن. 28 خودا پایەنزمەکانی جیهان و ڕق لێبووەوە و ئەوانەی هەڵبژارد کە هیچ نەبوون، تاکو ئەوانە لەناوببات کە خۆیان بە شت دەزانن، 29 تاکو هیچ مرۆڤێک[b] لەبەردەم خودا شانازی نەکات. 30 بەڵام ئێوە بەهۆی خوداوە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک، کە خودا بۆ ئێمەی کرد بە دانایی و ڕاستودروستی و پیرۆزکردن و کڕینەوە.[c] 31 تاکو وەک ئەوەی نووسراوە: [ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.][d]
وتاری سەر چیا
5 کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای، 2 زاری کردەوە و فێری کردن:
3 «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن[a]،
چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
4 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن،
چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
5 خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان،
چونکە دەبنە میراتگری زەوی.
6 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی[b]،
چونکە تێر دەکرێن.
7 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە،
چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
8 خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان،
چونکە خودا دەبینن.
9 خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان،
چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
10 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە،
چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
11 «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. 12 دڵخۆش و دڵشاد بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.