Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
27 یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،
لە کێ بترسم؟
یەزدان قەڵای ژیانی منە،
لە کێ بتۆقم؟
2 کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە
بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،
کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،
ساتمە دەکەن و دەکەون.
3 ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،
دڵم ناترسێت.
ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،
ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.
4 داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،
ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:
کە هەموو ڕۆژانی ژیانم
لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،
هەتا تەماشای جوانی یەزدان بکەم و
لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
5 چونکە لە ڕۆژی بەڵا،
لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،
بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.
بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.
6 ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،
لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،
سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
27 کاتێک هەردووکیان بەرەو کەناری شارۆچکەکە دادەبەزین، ساموئێل بە شاولی گوت: «بە خزمەتکارەکەت بڵێ با لەپێشمانەوە بڕوات.» ئەویش لەپێشیانەوە ڕۆیشت. ساموئێل پێی گوت: «بەڵام تۆ ئێستا ڕابوەستە بۆ ئەوەی پەیامی خودات پێ ڕابگەیەنم.»
10 ئینجا ساموئێل گۆزە زەیتەکەی هەڵگرت و بەسەر سەری شاولدا ڕشتی و ماچی کرد و گوتی: «ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردوویت ببیتە فەرمانڕەوای میراتەکەی[a]؟ 2 ئەمڕۆ کە لای من دەڕۆیت، لەلای گۆڕی ڕاحێل لە سنووری بنیامین لە چەلچەح دوو پیاو دەبینیت و پێت دەڵێن: ”ماکەرەکان دۆزرانەوە کە بۆ دۆزینەوەیان ڕۆیشتن، ئەوەتا باوکت وازی لە بابەتی ماکەرەکان هێناوە و دڵی لای ئێوەیە، دەڵێت، ’چی بکەم سەبارەت بە کوڕەکەم؟‘“
3 «ئینجا ئەوێ بەجێدەهێڵیت و دەڕۆیت، هەتا دەگەیتە دار بەڕووەکەی تاڤۆر، لەوێدا سێ پیاو دەبینیت بۆ لای خودا سەردەکەون بۆ بێتئێل، یەکێکیان سێ کارەبزن و ئەوی دیکەیان سێ کولێرە و ئەوی دیکەشیان مەشکەیەک شەرابی هەڵگرتووە. 4 ئەوان سڵاوت لێ دەکەن و دوو نانت دەدەنێ و تۆش لە دەستیان وەردەگریت.
5 «پاشان بۆ گیڤعای خودا دەڕۆیت کە سەربازگەی فەلەستییەکانی لێیە. لەوێ کاتێک دەگەیتە شارۆچکەکە، دەستەیەک لە پێغەمبەران دەبینیت کە لە نزرگەی سەر بەرزاییەکەوە دابەزیون و لەبەردەمیانەوە ساز و دەف و شمشاڵ و قیسارە لێدەدرێت و ئەوانیش حاڵ دەگرن. 6 ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە دێتە سەرت و لەگەڵ ئەوان حاڵ دەگریت و دەگۆڕدرێیت بۆ پیاوێکی دیکە. 7 کاتێک ئەم نیشانانە هاتن، ئەوەی لە دەستت دێ بیکە، چونکە خودات لەگەڵدایە.
8 «لەپێشمەوە دابەزە بۆ گلگال و منیش وا بۆ لای تۆ دادەبەزم هەتا قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەم و قوربانی هاوبەشی[b] سەرببڕم، حەوت ڕۆژ چاوەڕوان دەبیت هەتا دێمە لات و نیشانت دەدەم چی بکەیت.»
ڕازیبوون بە خزمەتی پۆڵس
2 دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم، تیتۆسم لەگەڵ خۆم برد. 2 گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو، ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، خستمە بەردەمیان، بەڵام بۆ گەورە پیاوانی کڵێسا بە تەنها، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات. 3 بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت. 4 ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا هەندێک برایانی درۆزن دزەیان کردبووە ناومان. هاتبوون بمانکەن بە کۆیلە لە ڕێگەی سیخوڕیکردن لەسەر ئەم ئازادییەی کە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح هەمانە. 5 بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە.
6 بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد. 7 بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ نەتەوەکان[a] بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە، 8 چونکە خودا بەهۆی پەترۆس وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ نەتەوەکان کاری دەکرد. 9 کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشیان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن. 10 تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.