Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 27:1-6

زەبوورێکی داود.

27 یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،
    لە کێ بترسم؟
یەزدان قەڵای ژیانی منە،
    لە کێ بتۆقم؟

کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە
    بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،
کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،
    ساتمە دەکەن و دەکەون.
ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،
    دڵم ناترسێت.
ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،
    ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.

داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،
    ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:
کە هەموو ڕۆژانی ژیانم
    لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،
هەتا تەماشای جوانی یەزدان بکەم و
    لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
چونکە لە ڕۆژی بەڵا،
    لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،
بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.
    بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.

ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،
    لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،
    سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.

یەکەم ساموئێل 1:1-20

لەدایکبوونی ساموئێل

پیاوێک هەبوو لە ڕاماتەیمی چوفییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، ناوی ئەلقانەی کوڕی یەرۆحامی کوڕی ئەلیهوی کوڕی تۆحوی کوڕی چوفی ئەفرایمی بوو. دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان ناوی حەنا و ئەوی دیکەیان ناوی پەنینا بوو، پەنینا منداڵی هەبوو، بەڵام حەنا منداڵی نەبوو.

ئەم پیاوە هەموو ساڵێک لە شارۆچکەکەیەوە دەچوو بۆ کڕنۆشبردن و سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە شیلۆ و لەوێ دوو کوڕەکەی عێلی کاهینی یەزدان بوون، کە یەکێکیان ناوی حۆفنی و ئەوی دیکەیان ناوی فینەحاس بوو. جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات، بەڵام دوو بەشی دایە حەنا، چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو. هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات، چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو. وای دەکرد، ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا بۆ ماڵی یەزدان بچووایە، هەوێیەکەی ئاوا پەستی دەکرد، بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد. ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت: «حەنا، بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟ بۆچی دڵگرانیت؟ ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»

لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە، حەنا هەستا، عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو. 10 حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان. 11 حەنا نەزرێکی[a] کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار، ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە، کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت، ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»

12 ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد، 13 حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا، عێلی وای زانی سەرخۆشە. 14 جا پێی گوت: «هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟ شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»

15 حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی: «نەخێر گەورەم، من ژنێکی دڵتەنگم، شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە، بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم. 16 کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە، لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم، هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»

17 عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»

18 حەناش گوتی: «با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.» ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.

19 بەیانی زوو لە خەو هەستان و لەبەردەم یەزدان کڕنۆشیان برد و گەڕانەوە، هاتنەوە ماڵەکەی خۆیان لە ڕامە. ئیتر ئەلقانە لەگەڵ حەنای ژنی جووت بوو و یەزدانیش بە یادی خۆی هێنایەوە. 20 ئەوە بوو لەو ساڵەدا حەنا سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا ساموئێل، گوتی: «چونکە داوام لە یەزدان کرد.»

گەلاتیا 1:11-24

چۆن پۆڵس بوو بە نێردراو؟

11 پێتان دەڵێم، خوشکان، برایان، ئەو پەیامەی ئینجیل کە جاڕم بۆی داوە، لە مرۆڤەوە نییە. 12 لە کەسیشم وەرنەگرتووە و فێریش نەکراوم، بەڵکو بە ئاشکراکردنی عیسای مەسیح وەرمگرتووە.

13 بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، دڕندانە کڵێسای خودام دەچەوساندەوە و هەوڵم داوە لەناوی ببەم. 14 لە جولەکایەتی پێش زۆربەی خەڵک کەوتم لە نەوەی خۆم، زۆر دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ دابونەریتی باوکان. 15 بەڵام کاتێک خودا کە لە سکی دایکمەوە تەرخانی کردم، بە نیعمەتی خۆی بانگی کردم، خۆشحاڵ بوو 16 کوڕەکەی لە مندا دەربکەوێت، تاکو لەناو نەتەوەکان مژدە بدەم، دەستبەجێ ڕاوێژم بە کەس نەکرد، 17 سەرنەکەوتمە ئۆرشەلیم بۆ لای ئەوانەی پێش من نێردراو بوون، بەڵکو ڕۆیشتم بۆ عەرەبستان و دیسان گەڕامەوە دیمەشق.

18 ئینجا دوای سێ ساڵ سەرکەوتمە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی پەترۆس[a] بناسم، پازدە ڕۆژ لای ئەو مامەوە. 19 بەڵام جگە لە یاقوبی برای عیسای خاوەن شکۆ هیچ نێردراوێکی دیکەم نەبینی. 20 خودا دەزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم درۆ نییە. 21 دوایی چوومە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیا، 22 بەڵام هێشتا لەلای کڵێساکانی یەهودیا کە سەر بە مەسیحن بە ڕوخسار نەناسراو بووم، 23 تەنها بیستبوویان: «ئەوەی جاران ئێمەی دەچەوساندەوە، ئێستا مژدەی ئەو باوەڕە دەدات، کە جاران لەناوی دەبرد.» 24 بەهۆی منەوە ستایشی خودایان دەکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.