Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
6 بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو گوێی منت کردەوە،
داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[a]
8 ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»
9 لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
دەمی خۆم ناگرم.
10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.
11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.
12 چونکە بێشومارە بەڵا دەوری داوم،
گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم.
لە مووی سەرم زیاترن،
ورەم بەرداوە.
13 یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم،
یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم.
14 با هەموو شەرمەزار و سووک بن،
ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی.
ببەزن و ڕیسوا بن
ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
15 با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن،
ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
16 با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت،
شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!»
ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
17 بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
با پەروەردگار بایەخم پێبدات.
یارمەتی و دەربازکەرم تۆی،
ئەی خودای من، دوا مەکەوە.
دەربازکردنی ئیسرائیل
12 «ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
ئەی ئیسرائیل، بانگم کردن.
ئەوە منم،
من سەرەتا و من کۆتاییم.
13 دەستی من زەوی دامەزراند،
دەستە ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە.
کاتێک من بانگیان دەکەم،
پێکەوە دەوەستن.
14 «هەمووتان کۆبنەوە و گوێ بگرن!
کام لە بتەکان ئەمەی ڕاگەیاندووە؟
هاوپەیمانی خۆشەویستی یەزدان،[a]
هەرچی پێ خۆش بێت بە بابلی دەکات،
بازووشی لە دژی کلدانییەکان دەبێت.
15 من، من قسەم کرد و بانگم کرد،
هێنام و ڕێگاکەشی سەرکەوتوو دەبێت.
16 «وەرنە پێش بۆ لام، گوێ لەمە بگرن:
«لە سەرەتاوە بە نهێنی قسەم نەکرد،
لە کاتی ڕوودانی من لەوێم.»
ئێستاش یەزدانی باڵادەست منی نارد
لەگەڵ ڕۆحی خۆی.
17 یەزدان، ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
ئەمە دەفەرموێت:
«من یەزدانی پەروەردگارتانم،
فێرتان دەکەم بۆ ئەوەی سوود وەربگرن،
بە ڕێگایەکدا دەتانبەم هەتا بیگرنەبەر.
18 خۆزگە گوێتان لە فەرمانەکانم دەگرت،
جا ئاشتیتان وەک ڕووبار دەبوو،
ڕاستودروستیشتان وەک شەپۆلی دەریا.
19 توخمتان وەک لم دەبوو،
وەچەتان وەک دەنکی لم،
ناویان لەبەردەمم نە دەبڕایەوە و
نە لەناودەچوو.»
20 لە بابل بچنە دەرەوە،
لە بابلییەکان هەڵبێن!
بە هاواری خۆشییەوە ڕایبگەیەنن،
جاڕی ئەمە بدەن.
بەڕێی بخەن هەتا ئەوپەڕی زەوی،
بڵێن: «یەزدان یاقوبی بەندەی کڕییەوە.»
21 تینوو نەبوون کە بە چۆڵەوانیدا بردنی،
لە تاشەبەردەوە ئاوی بۆ هەڵقوڵاندن،
تاشەبەردی شەق کرد و
ئاو تەقییەوە.
لەبارەی ڕۆژووەوە
14 ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانت بەڕۆژوو نابن؟»
15 عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن.
16 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەکات. 17 شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ لەناو مەشکەی نوێ دەکرێت و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.