Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 40:6-17

بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
    بەڵکو گوێی منت کردەوە،
    داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
    هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[a]
ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
    فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»

لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
    ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
    دەمی خۆم ناگرم.
10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
    باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.

11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
    با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.
12 چونکە بێشومارە بەڵا دەوری داوم،
    گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم.
لە مووی سەرم زیاترن،
    ورەم بەرداوە.
13 یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم،
    یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم.

14 با هەموو شەرمەزار و سووک بن،
    ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی.
ببەزن و ڕیسوا بن
    ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
15 با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن،
    ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
16 با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت،
    شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!»
    ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.

17 بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
    با پەروەردگار بایەخم پێبدات.
یارمەتی و دەربازکەرم تۆی،
    ئەی خودای من، دوا مەکەوە.

ئیشایا 53

53 کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و
    هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟
بەندەکە وەک چەکەرە لەبەردەمی باڵای کرد،
    وەک ڕەگ لە خاکێکی تینوو گەشەی کرد.
نە جوانی هەبوو و نە پایەبەرزی هەتا سەرنجمان بۆی بچێت،
    نە دیمەن هەتا ئارەزووی بکەین.
ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە،
    پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی.
وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە،
    ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی.

بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت،
    ئازارەکانی ئێمەی برد،
ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە،
    لێی دراوە و زەلیلە.
بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو،
    لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا.
ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت،
    بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە.
هەموو وەک مەڕ بڵاوەمان کردووە،
    هەریەکە ملی ڕێگای خۆمان گرتووە،
بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی
    خستە سەر ئەو.

زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد،
    بەڵام دەمی نەکردەوە.
ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا،
    وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە،
    ئەو دەمی نەکردەوە.
بە ستەم و حوکم بەسەردادان بردرا.
    بەڵام کێ لە نەوەی سەردەمی خۆی لە دژی وەستایەوە؟
چونکە لە جیهانی زیندووان هەڵگیرا،
    لەبەر یاخیبوونی گەلەکەم ئەو لێی درا.
گۆڕی لەگەڵ بەدکاران دانرا،
    دوای مردنی لە گۆڕی دەوڵەمەندێک نێژرا،
هەرچەندە ستەمکاری نەکرد و
    فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.

10 بەڵام خواستی یەزدان بوو وردوخاشی بکات و ئازار بکێشێت،
    لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان ژیانی کرد بە قوربانی تاوان،
نەوە و ڕۆژگاری درێژ دەبینێت،
    خواستی یەزدان بە دەستی ئەو سەردەکەوێت.
11 لەدوای ئەو ئازارەی بەرگەی گرت،
    ڕووناکی ژیان دەبینێت و تێر دەبێت،
بە زانینی بەندە ڕاستودروستەکەم زۆر کەس بێتاوان دەکات و
    ئەو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت.
12 لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنەکان بەشی دەدەم،
    لەگەڵ بەهێزەکان دەستکەوت بەش دەکات،
چونکە بۆ مردن گیان لەسەر دەست بوو و
    لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،
لەبەر ئەوەی گوناهی زۆر کەسی هەڵگرت و
    داکۆکی لە یاخیبووان کرد.

عیبرانییەکان 10:1-4

قوربانی مەسیح جارێک و بۆ هەمووان

10 تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە. ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن. بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە. چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.