Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود.
40 بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد،
ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.
2 لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە،
لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام.
پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و
هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.
3 گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم،
سروودێکی ستایش بۆ خودامان.
زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و
پشت بە یەزدان دەبەستن.
4 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
پشت بە یەزدان دەبەستێت،
ڕوو لە لووتبەرزان ناکات،
لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.
5 ئەی یەزدان، خودای من،
زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە.
ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە
کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،
ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە،
ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.
6 بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو گوێی منت کردەوە،
داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[a]
8 ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»
9 لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
دەمی خۆم ناگرم.
10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.
11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.
بانگکردنی ئەلیشەع
19 ئیتر ئەلیاس لەوێ ڕۆیشت و ئەلیشەعی کوڕی شافاتی دۆزییەوە زەوی دەکێڵا، دوازدە جووت گا لەپێشییەوە بوون، ئەو لەگەڵ جووتی دوازدەیەمین بوو. ئینجا ئەلیاس بەلایدا تێپەڕی و کەواکەی فڕێدایە سەری. 20 ئەلیشەعیش گایەکانی بەجێهێشت و لەدوای ئەلیاس ڕایکرد و گوتی: «دایک و باوکم ماچ دەکەم و دوات دەکەوم.»
ئەلیاسیش پێی گوتی: «بڕۆ و بگەڕێوە، چونکە من چ ڕێگرییەکم لێکردوویت؟»
21 ئەلیشەعیش لەدوای گەڕایەوە و جووتە گایەکەی برد و سەری بڕین، گاسنەکەی سووتاند بۆ ئەوەی گۆشتەکە بکوڵێنێت، دایە خەڵکەکە و خواردیان. ئینجا هەستا و دوای ئەلیاس کەوت و بووە خزمەتکاری.
عیسا قوتابییەکانی بانگ دەکات
5 ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن، 2 دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی، ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت. 3 چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد.
4 کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.»
5 شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.»
6 کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت. 7 جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن.
8 شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!» 9 پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو، 10 یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون.
عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت[a].» 11 لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.