Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود.
40 بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد،
ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.
2 لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە،
لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام.
پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و
هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.
3 گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم،
سروودێکی ستایش بۆ خودامان.
زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و
پشت بە یەزدان دەبەستن.
4 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
پشت بە یەزدان دەبەستێت،
ڕوو لە لووتبەرزان ناکات،
لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.
5 ئەی یەزدان، خودای من،
زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە.
ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە
کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،
ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە،
ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.
6 بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو گوێی منت کردەوە،
داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[a]
8 ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»
9 لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
دەمی خۆم ناگرم.
10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.
11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.
30 پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە. 31 ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بۆ باوکی بردە ژوورەوە، بە باوکی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
32 ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟»
ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.» 33 ئیتر ئیسحاق لەرزینێکی زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»
34 عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست هاواری کرد، هاوارێکی بەرز و زۆر خەمبار، بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»
35 بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»
36 عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“[a]؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»
37 ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»
38 عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکە باوکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.
بەرزکردنەوەی عیسا بۆ ئاسمان
1 بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە، 2 هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن. 3 دوای ئازار چێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا. 4 کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان. 5 یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن[a].»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.