Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 89:5-37

ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات،
    هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش[a] دڵسۆزیت.
چونکە لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟
    لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟
خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە،
    لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە.
ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟
    تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت.

دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە،
    کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە.
10 وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت[b] پان کردەوە،
    بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد.
11 ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش،
    گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە.
12 باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون،
    تابۆر[c] و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.
13 بازووت هەیە لەگەڵ توانا،
    دەستت بەهێزە، دەستە ڕاستەت بەرزە.

14 ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن،
    خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی[d] لەبەردەمی تۆ دەڕۆن.
15 خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی دەکەن،
    ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن.
16 بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن،
    بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە،
17 چونکە تۆ شکۆمەندی و هێزی ئەوانیت،
    ئێمە بە ڕەزامەندی تۆ بەهێز دەبین.
18 چونکە قەڵغانمان هی یەزدانە،
    پاشامان هی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.

19 جارێکیان لە بینینێکدا[e] قسەت کرد،
    بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو:
«هێزم بە پاڵەوان بەخشی،
    لەنێو گەل هەڵبژاردەم بەرزکردەوە.
20 داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە،
    بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد[f].
21 ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت،
    هەروەها بازووم بەهێزی دەکات.
22 دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت،
    نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار.
23 لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم،
    ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم.
24 دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە،
    بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت.
25 وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت،
    دەستە ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان.
26 هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی،
    خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“
27 منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم،
    بەرزترین لە پاشایانی زەوی.
28 هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم،
    پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت.
29 وا دەکەم هەتاهەتایە نەوەی هەبێت،
    تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.

30 «ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن،
    ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر،
31 ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن،
    ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن،
32 لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم،
    بە لێدان گوناهەکانیان،
33 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە،
    درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم.
34 پەیمانی خۆم ناشکێنم و
    قسەی خۆم ناگۆڕم.
35 جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد،
    درۆ لەگەڵ داود ناکەم.
36 هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و
    تەختی وەک خۆر لەبەردەممە،
37 هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت،
    ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.»

یەرمیا 1:4-10

بانگکردنی یەرمیا

فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:

«پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی،
    پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت،
    تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»

بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت. لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە. 10 ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.»

کردار 8:4-13

مزگێنیدەری لە سامیرە

ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنی وشەی خودایان بڵاودەکردەوە. فیلیپۆس بەرەو شاری سامیرە چووە خوارەوە و لەوێ مزگێنی مەسیحی بە خەڵکەکە ڕاگەیاند. خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد. ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە. جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە.

پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!» 10 گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەمەیە هێزی خودا کە پێی دەگوترێ گەورە.» 11 ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون. 12 بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران. 13 شیمۆنیش باوەڕی هێنا، کاتێک لە ئاو هەڵکێشرا دوای فیلیپۆس کەوت، نیشانە و پەرجووی گەورەی دەبینی دەکرا، سەرسام بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.