Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 42:1-9

بەندەی یەزدان

42 «ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،
    هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
    دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.
هاوار ناکات و دەنگی بەرز ناکاتەوە و
    لە شەقامدا نابیسترێت.
قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت
    پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.
بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.
    نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت
تاکو ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.
    دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»

خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
    ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
    ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
ئەمە دەفەرموێت:
«من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
    جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
    دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
    بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
    لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.

«من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
    شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
    ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
    ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
    من پێتانی دەڵێم.»

زەبوورەکان 29

زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».

29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
    ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
    کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.

دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
    خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
    یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
دەنگی یەزدان بە هێزە،
    دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
    یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
    حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
    بە بروسکە و تریسکەوە.
دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
    یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
    دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»

10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
    یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
    یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.

کردار 10:34-43

وتاری پەترۆس

34 پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات، 35 بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە. 36 ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە. 37 ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند، 38 چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد[a]، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.

39 «ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان، 40 بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت، 41 نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە. 42 ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە. 43 هەموو پێغەمبەران شایەتی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بەخشینی گوناهەکانی بە ناوی ئەو دەست دەکەوێت.»

مەتا 3:13-17

لەئاوهەڵکێشانی عیسا

13 ئینجا عیسا لە جەلیلەوە هاتە ئوردون، تاکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14 بەڵام یەحیا دەیویست ڕایگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»

15 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئێستا ڕێگا بدە، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە هەتا هەموو ڕاستودروستییەک[a] تەواو بکەین.» ئینجا ڕێی دا.

16 کاتێک عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، دەستبەجێ لە ئاوەکە هەستایەوە. ئەوە بوو ئاسمانی بۆ کرایەوە و بینی ڕۆحی خودا وەک کۆترێک نیشتەوە و هاتە سەری. 17 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.