Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 72

بۆ سلێمان.

72 ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
    ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
    بە دادپەروەریش هەژارەکانت.

با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
    گردەکان ڕاستودروستی.
با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
    کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
    زۆرداران وردوخاش بکات.
با وەک خۆر بمێنێت،
    وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
    وەک هەور زەوی ئاو بدات،
ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
    ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.

لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،
    لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
    ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
10 پاشاکانی تەرشیش[a] و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
    پاشاکانی شەبا و سەبا[b] دیاری بۆ دێنن.
11 هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
    هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.

12 چونکە نەدار هاواری بۆ ببات، دەربازی دەکات،
    چەوسێنراوەش کە یارمەتیدەری نییە.
13 بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
    گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
14 گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
    خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.

15 تەمەن درێژ بێت!
    با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،
با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،
    با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
16 با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،
    لەسەر لووتکەی گردەکان،
بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،
    با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
17 با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،
    هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.

هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،
    هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.

18 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
    بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
19 هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
    با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
            ئامین و ئامین.

20 لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.

دەرچوون 3:1-5

موسا و ئاگرێک لەناو دەوەنێک

موسا بووە شوانی مەڕەکانی یەترۆی خەزووری، کە کاهینی میدیان بوو. مەڕەکانی بردە ئەوپەڕی دەشتودەرەکە هەتا گەیشتە کێوی خودا، «حۆرێڤ». لەوێ لەناو گڕی ئاگرێک لە دەوەنێک فریشتەی یەزدانی بۆ دەرکەوت. کە موسا تەماشای کرد بینی وا دەوەنەکە گڕی گرتووە، کەچی دەوەنەکە ناسووتێت. موسا گوتی: «لادەدەم و تەماشای ئەو دیمەنە مەزنە دەکەم. بۆچی دەوەنەکە ناسووتێت؟»

کاتێک یەزدان بینی کە موسا لایدا بۆ ئەوەی تەماشا بکات، خودا لەناو دەوەنەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «موسا. موسا.»

ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»

فەرمووی: «نزیکی ئێرە مەکەوە. پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.»

عیبرانییەکان 11:23-31

23 بە باوەڕ کاتێک موسا[a] لەدایک بوو، سێ مانگ دایک و باوکی شاردییانەوە، چونکە بینییان منداڵەکە جوانە، لە فەرمانی پاشا نەترسان.

24 بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت. 25 بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت. 26 موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە. 27 بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت وەک ئەوە ببینێ کە نەبینراوە. 28 بە باوەڕ پەسخەی کرد و خوێنەکەی پرژاند، نەوەک لەناوبەری نۆبەرە[b] دەستیان لێ بدات.

29 بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون.

30 بە باوەڕ شووراکانی ئەریحا ڕووخان[c]، دوای ئەوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا سووڕانەوە.

31 بە باوەڕ ڕاحابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووان لەناونەچوو، چونکە پێشوازییەکی ئاشتییانەی لە سیخوڕەکان کرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.