Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 72

بۆ سلێمان.

72 ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
    ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
    بە دادپەروەریش هەژارەکانت.

با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
    گردەکان ڕاستودروستی.
با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
    کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
    زۆرداران وردوخاش بکات.
با وەک خۆر بمێنێت،
    وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
    وەک هەور زەوی ئاو بدات،
ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
    ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.

لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،
    لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
    ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
10 پاشاکانی تەرشیش[a] و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
    پاشاکانی شەبا و سەبا[b] دیاری بۆ دێنن.
11 هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
    هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.

12 چونکە نەدار هاواری بۆ ببات، دەربازی دەکات،
    چەوسێنراوەش کە یارمەتیدەری نییە.
13 بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
    گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
14 گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
    خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.

15 تەمەن درێژ بێت!
    با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،
با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،
    با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
16 با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،
    لەسەر لووتکەی گردەکان،
بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،
    با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
17 با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،
    هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.

هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،
    هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.

18 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
    بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
19 هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
    با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
            ئامین و ئامین.

20 لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.

پەیدابوون 28:10-22

خەونی یاقوب لە بێت‌ئێل

10 یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. 11 ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەوێ مایەوە، چونکە خۆر ئاواببوو. بەردێکیشی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری، لەو شوێنەدا ڕاکشا. 12 خەونێکی بینی، لەم خەونە پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە و سەریشی لە ئاسمان دەدات. بینی فریشتەکانی خوداش پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. 13 وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو زەوییەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکەت. 14 نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. 15 من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»

16 یاقوب لە خەونەکەی بەئاگا هات، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» 17 ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە.»

18 یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. 19 ئەو شوێنەشی ناونا بێت‌ئێل[a]. بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.

20 یاقوب نەزرێکیشی نەزر کرد[b] و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم، 21 بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. 22 ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا[c] و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»

عیبرانییەکان 11:13-22

13 هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن. 14 ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، دەریدەخەن کە داوای نیشتیمان دەکەن. 15 ئەگەر ئەوان بیریان لەو نیشتیمانە بکردایەوە کە بەجێیان هێشتبوو، ئەوا هەلی گەڕانەوەیان بۆی دەبوو. 16 بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن.

17 بە باوەڕ ئیبراهیم ئیسحاقی کوڕی وەک قوربانی پێشکەش کرد، کاتێک خودا ئیبراهیمی تاقی کردەوە. ئەوەی بە بەڵێن لە خودا وەریگرت ئامادە بوو کوڕە تاقانەکەی بکاتە قوربانی، 18 هەرچەندە خودا سەبارەت بەو فەرمووبووی: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.][a] 19 ئیبراهیم دڵنیابوو لەوەی کە خودا دەتوانێت ئیسحاق لەدوای مردنی زیندوو بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، خودا ئەوی بە شێوەیەکی نموونەیی لەنێو مردووان هەستاندەوە.

20 بە باوەڕ ئیسحاق[b] داوای بەرەکەتی خودای بۆ داهاتووی یاقوب و عیسۆ کرد.

21 بە باوەڕ یاقوب لە سەرەمەرگیدا داوای بەرەکەتی بۆ هەریەکە لە کوڕەکانی یوسف کرد و خۆی بەسەر دەسکی گۆچانەکەیدا دا و ستایشی خودای کرد[c].

22 بە باوەڕ یوسف لە سەرەمەرگیدا باسی چوونەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە میسر کرد و لەبارەی گواستنەوەی ڕوفاتەکەی وەسیەتی بۆ کردن[d].

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.