Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
20 با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
2 با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
3 با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.[a]
4 با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
5 هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.
با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.
6 ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی[b] ڕزگار دەکات،
لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
بە توانای ڕزگاریی دەستە ڕاستی.
7 هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
8 ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
9 ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە!
کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!
بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە
12 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.
2 «جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن،
بەرەکەتدارت دەکەم،
ناوت مەزن دەکەم،
دەبیتە بەرەکەت.
3 ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم،
نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم.
هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش
لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»
4 ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، ڵوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت. 5 ئەبرام سارای ژنی و ڵوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی، ئیتر ڕۆیشتن و چوونە خاکی کەنعان. گەیشتنە خاکی کەنعان.
6 ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتە کەنعانییەکان لە خاکەکە بوون. 7 یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.
باوەڕی باپیرانمان
11 باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین، 2 چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.
3 بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.
4 بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد[a]. بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات.
5 بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی[b]. پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە. 6 بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن.
7 بە باوەڕ نوح، کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ئاگادارکردنەوەکەی خستە دڵییەوە و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی ماڵەکەی.[c] بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو.
8 بە باوەڕ کاتێک ئیبراهیم[d] بانگکرا بچێتە ئەو شوێنەی خەریک بوو بە میرات وەریبگرێت، گوێڕایەڵ بوو و ڕۆیشت، هەرچەندە نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت. 9 بە باوەڕ وەک بێگانە لە خاکی بەڵێنپێدراودا نامۆ بوو، لە چادردا ژیا، وەک ئیسحاق و یاقوب کە ئەوانیش میراتگری هەمان بەڵێن بوون، 10 چونکە ئیبراهیم چاوەڕێی ئەو شارەی دەکرد کە بناغەیەکی چەسپاوی هەیە، ئەوەی خودا ئەندازیار و دروستکەرەکەیەتی.
11 بە باوەڕی ئیبراهیم، خودی سارا هەرچەندە نەزۆک بوو، توانای سکوزانی پێدرا، هەرچەندە تەمەنی ئاسایی بەسەرچوو بوو، چونکە دڵنیابوو ئەوەی بەڵێنی داوە دڵسۆزە. 12 بۆیە لە پیاوێک کە هەر وەک مردوو وابوو، نەوەیەک دروست بوو کە وەک ئەستێرەی ئاسمان و لمی سەر کەناری دەریا لە ژمارە نەدەهات[e].
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.