); Proverbs 8:22-31 (Wisdom’s part in creation); 1 John 5:1-12 (Whoever loves God loves God’s child) (Kurdi Sorani Standard)
Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
148 هەلیلویا!
ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
2 ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
3 ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
4 ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
5 با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
6 هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
7 لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
8 ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
9 چیاکان و هەموو گردەکان،
داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
پیران و منداڵان.
13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.
هەلیلویا.
22 «یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد،
هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.
23 لە ئەزەلەوە من دامەزراوم،
لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.
24 هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم،
هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.
25 پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن،
پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،
26 هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو،
نە سەرەتای خۆڵی زەوی.
27 کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم،
کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،
28 کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و
سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،
29 کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا
بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن،
کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.
30 لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم،
ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم،
هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،
31 لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم،
لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.
باوەڕهێنان بە مەسیح
5 هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. 2 بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. 3 ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین، 4 چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت، ئەمەش ئەو سەرکەوتنەیە کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. 5 کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.
6 ئەمە ئەوەیە کە بە ئاو و خوێن هاتووە، عیسای مەسیح، نەک تەنها بە ئاو، بەڵکو بە ئاو و بە خوێن. ڕۆحی پیرۆزیش شایەتی دەدات، چونکە ڕۆحەکە ڕاستییە. 7 ئەوانەی شایەتی دەدەن سێیانن: 8 ڕۆح و ئاو و خوێن، ئەم سێ شایەتە هەمان شایەتی دەدەن. 9 ئەگەر ئێمە شایەتی مرۆڤ لەلامان قبوڵ بێت، شایەتی خودا گەورەترە، چونکە ئەمە شایەتی خودایە سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 10 ئەوەی باوەڕ بە کوڕی خودا بهێنێت ئەم شایەتییە لە خۆیدا هەیە. ئەوەی باوەڕ بە خودا نەکات خودا بە درۆزن دادەنێت، چونکە باوەڕ بەو شایەتییە ناکات کە خودا سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 11 ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. 12 ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.