Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 146:5-10

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
    هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
دروستکەری ئاسمان و زەوی و
    دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
    ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
    نان دەداتە برسییەکان.
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
    یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
    یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
    بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.

10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
    ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.

هەلیلویا.

یەکەم ساموئێل 2:1-8

نوێژی حەنا

حەنا نوێژی کرد و گوتی:

«دڵم بە یەزدان شادە،
    سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
    لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.

«کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
    بێجگە لە تۆ کەس نییە،
    هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.

«بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
    با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
    ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.

«کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
    شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
    برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
    ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.

«یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
    دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
    نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
    کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
    تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.

«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
    جیهانی لەسەر داناوە.

لۆقا 3:1-18

یەحیای لەئاوهەڵکێش

لە ساڵی پازدەمینی[a] حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس[b] فەرمانڕەوای[c] جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو، لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات. ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی[d] تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:

[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
    ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»
هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و
    هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت،
ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و
    سەختەکانیش ئاسان دەبن،
هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!][e]

یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»

10 خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟»

11 وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»

12 باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟»

13 پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.» 14 سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟»

یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە موچەکانتان ڕازی بن.»

15 گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت. 16 یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[f]. 17 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[g]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[h] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.» 18 بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.