Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
2 بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
2 پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[a] و دەڵێن:
3 «با کۆتەکانیان بشکێنین و
زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»
4 ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
5 ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
6 «من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن[b] داناوە،
لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
7 من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
8 داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
9 بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»
10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12 کوڕەکە ماچ[c] بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.
19 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ لای گۆزەکەر، گۆزەیەکی گڵ بکڕە. هەندێک لە پیرانی گەل و کاهینی پیر ببە، 2 بڕۆ دەرەوە بۆ دۆڵی بەنهینۆم کە لەلای داڵانی دەروازەی زبڵدانە[a]، لەوێ ئەو پەیامە جاڕبدە کە پێتی دەڵێم. 3 بڵێ: ”ئەی پاشایانی یەهودا و ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! بەڵایەک بەسەر ئەم شوێنەدا دەهێنم کە هەرکەسێک بیبیستێت، گوێی بزرنگێتەوە. 4 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام، ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین، نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا، ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان. 5 نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل، کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. 6 لەبەر ئەوە ئاگاداربن، سەردەمێک دێت، چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەنهینۆم، بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7 «”جا لەم شوێنەدا پیلانی یەهودا و ئۆرشەلیم پووچ دەکەمەوە، وا دەکەم لەبەردەم دوژمنەکانیان بە شمشێر بکوژرێن، بە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن، تەرمەکانیان دەکەمە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی. 8 ئەم شارە وێران دەکەم و دەیکەمە جێگای تانە و تەشەری خەڵک، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت، گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە. 9 وایان لێ دەکەم گۆشتی کوڕ و کچەکانی خۆیان بخۆن، هەریەکە گۆشتی هاوڕێکەی خۆی دەخوات، لەبەر گەمارۆ و ئەو تەنگانەیەی تێی دەکەون بەدەستی دوژمنانیان کە بەدوای ئەوانەوەن بۆ کوشتنیان.“
10 «ئینجا گۆزەکە لەبەرچاوی ئەو پیاوانە بشکێنە کە لەگەڵتدان، 11 پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ئاوا ئەم گەلە و ئەم شارە دەشکێنم، وەک چۆن دەفرە گۆزەکە کە نەتوانرێت جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە. لە تۆفەت دەنێژرێن، هەتا ئەوەی جێی ناشتن نەمێنێت.“ 12 یەزدان دەفەرموێت: ”ئاوا لەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەکەم، ئەم شارە وەک تۆفەت لێ دەکەم. 13 جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن، هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“»
14 ئینجا یەرمیا لە تۆفەت هاتەوە کە یەزدان بۆ پێشبینیکردن ناردبوویە ئەوێ، لە حەوشەکەی پەرستگای یەزدان ڕاوەستا و بە هەموو گەلی گوت: 15 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”گوێ بگرن! من هەموو ئەو بەڵایە بەسەر ئەم شارە و بەسەر هەموو گوندەکانی دەوروبەریدا دەهێنم، ئەوەی سەبارەت بەو فەرمووم، چونکە کەللەڕەقییان کرد و گوێیان لە قسەی من نەگرت.“»
خزمەتکاری باشی مەسیح
6 ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، بە وشەکانی باوەڕ و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت، ئەوەی شوێنی دەکەویت. 7 ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام مەشق بکە لەسەر لەخواترسی. 8 وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.
9 ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی تەواو پەسەندکردنە. 10 بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، کە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران.
11 بەم شتانە ڕاسپێرە و فێر بکە. 12 با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە نموونەی باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. 13 هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. 14 ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.
15 بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت. 16 ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.