Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە قیسارە بە شێوەی شیمینیت[a]. زەبوورێکی داود.
6 ئەی یەزدان، لە کاتی تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
لە کاتی تووڕەییت تەمبێم مەکە.
2 ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە داهێزراوم.
ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات.
3 گیانم زۆر دەلەرزێت،
هەتا کەی، ئەی یەزدان، هەتا کەی؟
4 ئەی یەزدان، بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە،
بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە.
5 چونکە یادکردنەوەی تۆ لە مردندا نییە.
لە جیهانی مردووان[b] کێ ستایشت دەکات؟
6 ئەوەندەم ناڵاند شەکەت بووم!
هەموو شەوێک نوێنەکەم نوقومی فرمێسک دەکەم،
جێگاکەم تەڕ دەکەم.
7 چاوەکانم لە خەفەتان کز بوون،
بەهۆی دوژمنەکانمەوە بێهێز بوون.
8 ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە،
چونکە یەزدان گوێی لە دەنگی گریانم بووە،
9 یەزدان گوێی لە پاڕانەوەم بووە،
یەزدان نوێژم وەردەگرێت.
10 هەموو دوژمنەکانم بە توندی شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
لەناکاو سەرشۆڕی دایاندەگرێت و شەرمەزار دەبن.
15 ئینجا نەعمان لەگەڵ هەموو لەشکرەکەی گەڕایەوە بۆ لای پیاوەکەی خودا. لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «ئێستا دەزانم کە لە هەموو جیهان هیچ خودایەک نییە بێجگە لە خودای ئیسرائیل. ئێستاش ئەم دیارییە لە خزمەتکارەکەت وەربگرە.»
16 پێغەمبەرەکە وەڵامی دایەوە: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی دەیپەرستم، وەریناگرم.» ئینجا زۆری لێکرد هەتا وەریبگرێت، بەڵام ڕازی نەبوو.
17 نەعمان گوتی: «ئەگەر وەریناگریت، کەواتە ڕێم پێبدە باری دوو هێستر خۆڵ لەگەڵ خۆم ببەم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت جارێکی دیکە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو بۆ هیچ خودایەکی دیکە بێجگە لە یەزدان ناکات. 18 بەڵام با لە شتێک یەزدان لە خزمەتکارەکەت خۆشبێت: کاتێک گەورەکەم دەچێتە پەرستگای ڕیمۆن بۆ ئەوەی کڕنۆش ببات، پشت بە من دەبەستێت، دەبێ منیش لەگەڵ ئەو کڕنۆش ببەم، با یەزدان لەو شتەی خزمەتکارەکەت خۆشبێت.»
19 ئەلیشەعیش گوتی: «بەخێر بچیت.»
دوای ئەوەی نەعمان ڕۆیشت و کەمێک لێی دوورکەوتەوە،
شڵەژانێکی ترسناک لە ئەفەسۆس
21 لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.» 22 ئینجا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە هەرێمی ئاسیا مایەوە.
23 لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە[a] ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا. 24 زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد. ئەمە قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران. 25 ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت، 26 بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین. 27 نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست بدات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.