Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
لیڤیاتان[a]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.
27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
ئەوان بەدیهێنراون،
ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.
31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.
33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
با بەدکاران ئیتر نەمێنن.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
هەلیلویا![a]
ئیسرائیلی هەڵبژێردراو
44 «ئێستا یاقوبی بەندەم،
ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، گوێ بگرە.
2 دروستکەر، یارمەتیدەرت،
شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
مەترسە یاقوبی بەندەم،
یەشوروونی[a] هەڵبژاردەم،
3 چونکە ئاو بەسەر خاکە تینووەکەدا دەڕێژم و
لافاو بەسەر زەوییە وشکەکەدا،
ڕۆحی خۆم بەسەر نەوەکانتدا دەڕێژم و
بەرەکەتم بەسەر توخمت.
4 جا لەنێو سەوزەگیا سەرهەڵدەدەن
وەک شۆڕەبی ڕۆخ جۆگەکان.
7 هەڵمەخەڵەتێن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە. 8 ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە. 9 کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین. 10 ئینجا هەروەک دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.