Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
11 شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە،
پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.
12 بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە،
گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.
13 بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی،
بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە.
کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،
14 وەک ئەوەی دۆست و برام بێت،
پرسەدار بووم بۆی،
وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە،
لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.
15 بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە،
کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و
بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.
16 وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن،
ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.
17 ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟
گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان،
ژیانم لەو بەچکە شێرانە.
18 لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم،
لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.
19 مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن،
کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم.
مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە،
بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.
20 ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن،
بەڵکو درۆ دادەڕێژن
لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.
21 دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن:
«ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»
22 ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە.
ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.
23 هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم،
ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.
24 ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.
25 مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!»
یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»
26 با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن،
تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن.
با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن،
بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.
27 با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن،
گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن.
با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت،
کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»
28 زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و
بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.
فەرمانی ڕۆژی شەممە
35 موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن، 2 شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز، پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان، ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت. 3 لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.»
کەلوپەلەکانی چادری پەرستن
4 هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: 5 لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن، هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت، لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛ 6 ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛ 7 پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پێستی مانگای دەریا و داری ئەکاسیا؛ 8 زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛ 9 بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.
10 «با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: 11 چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ 12 سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ 13 مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ 14 چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ 15 قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛ پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛ 16 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ 17 پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛ 18 سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛ 19 جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.»
20 ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە. 21 دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان. 22 هەموو پیاوان و ژنان هاتن، هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا، هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە. 23 هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک، مووی بزن، پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور، یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای. 24 کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد، کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا. 25 هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش بە دەست ڕستنی ڕست و ڕیسەکەی هێنا، ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. 26 هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست. 27 سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا. 28 هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش. 29 هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن، هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون.
بینینی پەترۆس
9 بۆ بەیانی، کاتێک بە ڕێگاوە بوون و لە شارەکە نزیک دەبوونەوە، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[a]، پەترۆس بۆ نوێژکردن چووە سەربان. 10 ئەوە بوو برسی بوو، ئارەزووی نانخواردنی دەکرد، کاتێک ئامادەیان دەکرد، لەهۆش خۆی چوو. 11 ئاسمانی بە کراوەیی بینی، شتێک لە شێوەی چەرچەفێکی گەورە دەهاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی کە لە هەر چوار لاوە گرێدرا بوو. 12 هەموو جۆرە ئاژەڵی چوارپێ و خشۆکی سەر زەوی و باڵندەی ئاسمانی تێدابوو. 13 ئینجا دەنگێک بانگی کرد: «پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!»
14 پەترۆس گوتی: «نەخێر، ئەی خاوەن شکۆ، چونکە هەرگیز شتی گڵاو یان حەرامم نەخواردووە.»
15 دیسان دەنگەکە لەگەڵی دوا: «ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.»
16 ئەمەش سێبارە بووەوە و دەستبەجێ چەرچەفەکە بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە.
17 کە پەترۆس سەرسام بوو ئاخۆ دەبێت ئەو بینینە چی بێت، ئەو پیاوانەی کە کۆرنیلیۆس ناردبوونی، بە پرسیار ماڵی شیمۆنیان دۆزییەوە و لە بەردەرگا وەستان. 18 بانگیان کرد و پرسییان، ئاخۆ ئەو شیمۆنەی نازناوی پەترۆسە لێرەیە.
19 لە کاتێکدا پەترۆس هەر بیری لە بینینەکە دەکردەوە، ڕۆحی پیرۆز پێی فەرموو: «سێ پیاو لە بەردەرگا لێت دەپرسن. 20 هەستە بڕۆ خوارەوە و بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە من ئەوانم ناردووە.»
21 پەترۆسیش بۆ لای پیاوەکان هاتە خوارەوە و گوتی: «ئەوەی دەتانەوێ منم. بۆچی هاتوون؟»
22 گوتیان: «کۆرنیلیۆسی سەرپەل، پیاوێکی ڕاستودروست و لەخواترسە، هەموو گەلی جولەکەش شایەتی بۆ دەدەن. بەهۆی فریشتەیەکی پیرۆز ڕێنمایی کرا کە بۆ ماڵەکەی خۆی بانگت بکات و گوێ لە قسەکانت بگرێت.» 23 جا پەترۆس بۆ ژوورەوە بانگهێشتی کردن و میوانداری کردن.
پەترۆس لە ماڵی کۆرنیلیۆس
بۆ بەیانی پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، هەروەها هەندێک لە باوەڕدارانی خەڵکی یافاش یاوەری بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.