Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 12:2-6

ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
    دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
    ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
    لە کانییەکانی ڕزگاری.

لەو ڕۆژەدا دەڵێن:

«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
    وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
    باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
    چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
    با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
    چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»

ئامۆس 6:1-8

قوڕبەسەر لەخۆڕازییەکان

ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن،
    ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین،
ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان
    کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!
بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن،
    لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و
    پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن.
ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟
    یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟
ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و
    تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،
لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و
    لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون.
ئێوە بەرخی ناو ڕان و
    جوانەگای قەڵەو دەخۆن.
لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە
    وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.
بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و
    بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن،
    بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.
لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و
    چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.

قێزی یەزدان لە شانازی ئیسرائیل

یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:

«من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و
    ڕقم لە قەڵاکانییەتی،
    ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»

دووەم کۆرنسۆس 8:1-15

بەخشین بە دڵفراوانی

ئێستاش خوشکان، برایان، حەز دەکەین نیعمەتی خودا بزانن کە دراوەتە کڵێساکانی مەکدۆنیا. ئەوان لە تەنگانەیەکی زۆر گەورەدا بوون، بەڵام ژیانیان پڕ بوو لە خۆشی، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەژار بوون، بەڵام دڵفراوان و بەخشندە بوون. شایەتی دەدەم کە بەگوێرەی توانای خۆیان و تەنانەت لە سەرووی توانای خۆشیانەوە بەخشینیان داوە، دەستپێشخەرییان کرد و زۆر لێمان پاڕانەوە تاکو نیعمەتی بەشداربوون لە خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا وەربگرن. نەک وەکو ئەوەی چاوەڕێمان دەکرد، بەڵکو یەکەم جار خۆیان پێشکەشی عیسای خاوەن شکۆ کرد ئینجا ئێمە، بە خواستی خودا، ئەوە بوو تکامان لە تیتۆس کرد کە ئەم نیعمەتەی[a] لەلاتان دەستی پێکردووە تەواوی بکات. بەڵام وەک چۆن لە هەموو شتێکدا زیادتان کردووە، لە باوەڕ، لە قسەکردن، لە زانیاری، لە هەموو کۆششێک، لە خۆشەویستییان بۆ ئێمە، ئاوا لەم نیعمەتەش زیاد بکەن.

ئەمەتان وەک فەرمانێک پێ ناڵێم، بەڵکو بە بەراورد لەگەڵ پەرۆشی کەسانی دیکە، ڕاستەقینەیی خۆشەویستیتان تاقی دەکەمەوە. نیعمەتی عیسای مەسیحی گەورەمان دەزانن، هەرچەندە دەوڵەمەند بوو، لە پێناوی ئێوەدا بووە هەژار، بۆ ئەوەی ئێوە بە هەژاری ئەو دەوڵەمەند بن.

10 لەمەشدا بیروڕای خۆمتان پێ دەڵێم چونکە ئەمە بەسوودە بۆتان: ئێوە پار دەستتان بە بەخشین کرد، نەک تەنها ئەمەتان کردووە، بەڵکو ئارەزووشتان دەکرد کە ئەنجامی بدەن. 11 ئێستا کارەکە تەواو بکەن، هەروەک پەرۆشی خواستی بوون، ئاوا تەواوکردنیش بە خواستی خۆتانە، 12 چونکە ئەگەر پەرۆشی هەبێت، ئەوا خودا بەگوێرەی ئەوەی کە کەسەکە هەیەتی پەسەندی دەکات، نەک بەگوێرەی ئەوەی نییەتی.

13 مەبەستم ئەوە نییە خەڵکی دیکە بحەسێنەوە و فشارم لەسەر ئێوە بێت، بەڵکو بە یەکسانی. 14 لە کاتی ئێستادا با پڕی ئێوە کەموکوڕی ئەوان پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕی ئەوانیش کەموکوڕی ئێوە پڕ بکاتەوە، تاکو یەکسان ببێت. 15 وەک نووسراوە: [نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە.][b]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.