Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم ساموئێل 5:1-5

دەستنیشانکردنی پاشای هەموو ئیسرائیل

هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین. لە ڕابردوودا کاتێک شاول پاشامان بوو، تۆ ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانیش پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»

هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودی پاشاش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.

داود تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل ساڵ پاشایەتی کرد. حەوت ساڵ و شەش مانگ لە حەبرۆن پاشایەتی یەهودای کرد، سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیل و یەهودای کرد.

دووەم ساموئێل 5:9-10

پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، ناوی لێنا شاری داود، چواردەورەکەی بنیاد نا، لە تەلانەکانەوە[a] بەرەو ناوەوە. 10 هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.

زەبوورەکان 48

گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

48 یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
    لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.

کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
    خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[a]،
    شاری پاشای گەورەیە[b].
خودا لەناو قەڵاکانی
    وەک پەناگایەک ناسراوە.

ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
    ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
کە بینییان تاسان،
    بە ترسەوە هەڵاتن.
لەوێ لەرزیان لێهات،
    ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
وەک کەشتییەکانی تەرشیش[c] تێکت شکاندن،
    بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.

هەروەک بیستمان،
    ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
    لە شاری خودامان:
    «خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[d]

ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
    بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10 ئەی خودایە، وەک ناوت
    ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
    دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11 کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
    کچانی[e] یەهودا دڵخۆش دەبن
    بەهۆی دادوەرییەکانت.

12 بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
    قوللەکانی بژمێرن،
13 لە شووراکانی وردبنەوە،
    بڕواننە قەڵاکانی،
    هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.

14 هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
    تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

دووەم کۆرنسۆس 12:2-10

مرۆڤێک دەناسم کە لەگەڵ مەسیحدا ببووە یەک[a]، پێش چواردە ساڵ خودا بردی بۆ ئاسمانی سێیەم، ئایا بە لەشەوە یاخود بێ لەش، نازانم، خودا دەزانێت. دەزانم ئەو مرۆڤە، بە لەشەوە یاخود بێ لەش، نازانم، خودا دەزانێت، بۆ بەهەشت بردرا، قسەیەکی بیست کە دەرنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بکات. شانازی بەو کەسەوە دەکەم، بەڵام شانازی بە خۆمەوە ناکەم، مەگەر بە لاوازییەکانم نەبێت، چونکە ئەگەر بمەوێت شانازی بکەم، گێل نابم، چونکە ڕاستی دەڵێم، بەڵام خۆم دەپارێزم نەوەک یەکێک وا لە من بگات زیاتر لەوەی دەمبینن و لێم دەبیستن.

بۆ ئەوەی بە گەورەیی ئەو بینینەی بۆم ئاشکرا کرا لووتبەرز نەبم، لە جەستەدا دڕکێکم درایێ، وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم. بۆ ئەمە سێ جار لە عیسای خاوەن شکۆ پاڕامەوە لە کۆڵم بکاتەوە، بەڵام پێی فەرمووم: «نیعمەتی منت بەسە، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت.» بۆیە بەوپەڕی شادییەوە شانازی بە لاوازیمەوە دەکەم، تاکو هێزی مەسیح بێتە سەرم. 10 بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم.

مەرقۆس 6:1-13

ڕێزنەگرتن لە عیسا

عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن. کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون.

گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییەی پێی دراوە و ئەم پەرجووانەی[a] لەسەر دەستی دەکرێن! ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی مریەم و براکەی یاقوب و یوسی و یەهوزا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» جا ڕەتیان کردەوە.

بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و لەنێوان خزم و لە ماڵی خۆی نەبێت.» ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. لە بێباوەڕی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا گەڕا و خەڵکی فێر دەکرد.

عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت

ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد و دەسەڵاتی پێدان بەسەر ڕۆحە پیسەکان.

ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن. بەڵکو پێڵاو لە پێیان بێت و دوو کراس لەبەر نەکەن. 10 پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 11 ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»

12 ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا. 13 ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.