Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
133 ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە،
کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!
2 وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە،
کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون،
کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
3 وەک شەونمی حەرمۆن[a] کە دێتە خوارێ
بەسەر کێوی سییۆن،
چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.
مەشقپێکردنی دانیال لە بابل
1 لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و گەمارۆی دا. 2 پەروەردگاریش یەهۆیاقیمی پاشای یەهودای دایە دەستی، لەگەڵ هەندێک لە قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا. ئیتر یەهۆیاقیم و پیاوە گەورەکانی بۆ خاکی بابل ڕاپێچ کران، نەبوخودنەسریش قاپوقاچاغەکانی لە گەنجینەی پەرستگای خوداوەندی خۆی دانا.
3 پاشا فەرمانی بە ئەشپەنەزی سەرۆکی دیوان کرد کە لە نەوەی ئیسرائیل لە توخمی پاشا و پیاوماقوڵەکان 4 چەند گەنجێک بهێنێت کە تەندروستییان باش بێت، ڕوخساریان جوان بێت، لە هەموو بوارەکانی زانیاری کارامە بن، ئامادەییان تێدابێت بۆ فێربوونی هەموو شتێک، زوو تێبگەن، شایانی ئیشکردن بن لە کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی فێری زمان و ڕۆشنبیری بابلییەکان بکرێن. 5 پاشا لە خوانی خۆیەوە بەشی ڕۆژانەی خواردن و شەرابی بۆ دابین کردن، فەرمانی کرد بۆ ماوەی سێ ساڵ مەشقیان پێ بکرێت، دوای ئەوە خزمەتی پاشا دەکەن.
6 لەنێو ئەوانەدا هەندێکیان لە نەوەی یەهودا بوون: دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا. 7 سەرۆکی کاربەدەستانیش ناوی نوێی لێنان، بۆ دانیال، بێلتەشەسر؛ بۆ حەنەنیا، شەدرەخ؛ بۆ میشائیل، مێشەخ؛ بۆ عەزەریاش، عەبێدنەگۆ.
8 بەڵام دانیال لە دڵی خۆیدا بڕیاری دابوو کە خۆی بە خواردن و شەرابی پاشایەتییەوە گڵاو نەکات، جا داوای لە سەرۆکی کاربەدەستان کرد کە دەرفەتی پێبدات بۆ ئەوەی خۆی گڵاو نەکات. 9 خوداش وای لە سەرۆکی کاربەدەستان کرد کە چاکە و میهرەبانی بە دانیال ببەخشێت. 10 بەڵام سەرۆکی کاربەدەستان بە دانیالی گوت: «من لە پاشای گەورەم دەترسم، ئەوەی خواردن و خواردنەوەی ئێوەی دیاری کردووە. ئەگەر ببینێ ڕوخسارت لە ڕوخساری گەنجە هاوتەمەنەکانت لاوازترە، پاشا بەهۆی تۆوە سەرم دەبڕێت.»
11 دانیالیش بەو سەرپەرشتیارەی گوت کە سەرۆکی کاربەدەستان بەسەر دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریاوە داینابوو: 12 «تکایە بۆ دە ڕۆژ خزمەتکارەکانت تاقی بکەوە: تەنها ڕووەکمان بدەرێ بیخۆین و ئاومان بدەرێ بیخۆینەوە. 13 پاشان ڕوخساری ئێمە لەگەڵ ڕوخساری ئەو گەنجانە بەراورد بکە کە خواردنی پاشایەتی دەخۆن، ئینجا بەگوێرەی ئەوەی دەیبینی ئاوامان لەگەڵ بکە.» 14 ئەویش بەمە ڕازی بوو و دە ڕۆژ تاقی کردنەوە.
15 لە کۆتایی دە ڕۆژەکەدا دەرکەوت ڕوخساریان باشتر و تەندروستترە لە هەموو ئەو گەنجانەی لە خواردنەکانی پاشایەتییان دەخوارد. 16 ئینجا سەرپەرشتیارەکەیان خواردنە تایبەت و شەرابەکەی هەڵدەگرت و لە جیاتی ئەوە ڕووەکی دەدانێ.
17 بەڵام ئەو چوار گەنجە، خودا زانین و تێگەیشتنی دانێ لە هەموو جۆرە ڕۆشنبیری و زانیارییەک، دانیالیش لە هەموو بینین و خەونێک تێدەگەیشت.
18 لە کۆتایی ئەو ماوەیەی کە پاشا دیاری کردبوو بیانهێننە بەردەمی، سەرۆکی کاربەدەستان ئەوانی هێنایە بەردەم نەبوخودنەسر. 19 پاشا قسەی لەگەڵدا کردن، لەنێو هەموویاندا کەس نەبوو وەک دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا. لەبەر ئەوە چوونە ڕیزی خزمەتکارانی پاشا. 20 پاشا لە هەموو بابەتێکی دانایی و تێگەیشتن پرسیاری لێکردن، بینی ئەوان دە هێندە لە سەرووی هەموو جادووگەر و ئەفسونگەرانی هەموو پاشایەتییەکەی ئەون.
21 دانیالیش هەتا ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشا لەوێ مایەوە.
هاوبەشی باوەڕداران
42 ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی[a]، لەتکردنی نان[b] و نوێژکردن. 43 هەموو لە ناخدا سام گرتوو بوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران. 44 باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون. 45 ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. 46 ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد، 47 ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.