Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئیسرائیل بڵێ:
«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
بۆم بووی بە ڕزگاری.
22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
25 ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە،
ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.
26 پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت،
لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.
27 یەزدان خودامانە و
ڕووناکی پێ بەخشیوین.
قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە
بە قۆچەکانی قوربانگا.
28 تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم،
تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.
29 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
10 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”سەبارەت بەم شوێنەی ئێوە دەڵێن، ’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘ بەڵام شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن، 11 دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن:
«”’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن،
چونکە یەزدان چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘
یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“
12 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە، جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت. 13 لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین، دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا، جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت.[a]“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
14 یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم.
15 «”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا
لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم،
جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات.
16 لەو ڕۆژانەدا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
سێیەم باسی مردنی عیسا
32 بە ڕێگاوە بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوتن، عیسا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی دوای دەکەوتن دەترسان. دیسان دوازدە قوتابییەکەی دابڕی و دەستی کرد بە باسکردنی ئەو شتانەی کە بەسەری دێت. 33 فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست نەتەوەکان، 34 گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»
عیسا کەسێکی نابینا چاک دەکاتەوە
46 ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو. 47 کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
48 زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
49 عیسا ڕاوەستا، فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.» 50 ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستایەوە، هاتە لای عیسا.
51 عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، با ببینم.»
52 عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.