Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ב (بێت)
9 گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
بە پاراستنی وشەکانت.
10 بە هەموو دڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێم،
مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
11 وشەکانی تۆم لەناو دڵم شاردووەتەوە،
تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
12 ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
13 بە لێوەکانی خۆم،
باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
14 بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
15 لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
16 بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
8 دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە،
کەڕە، بەڵام گوێی هەیە.
9 با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە،
با نەتەوەکان خڕ ببنەوە.
کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و
سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟
با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن،
یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.»
10 یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن،
بەندەی هەڵبژاردەم،
بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و
تێبگەن کە من ئەوم،
پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و
پاش منیش نابێت.
11 منم، منم یەزدان،
لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.
12 من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند،
منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت.
ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لەو ڕۆژەوە من ئەوم،
کەس لە دەستم دەرباز نابێت.
هەرچی بکەم کێ دەیگەڕێنێتەوە؟»
4 بەهۆی مەسیح متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە. 5 ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە. 6 ئەوەی لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، ئەوەی پیت نییە بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە، چونکە پیت[a] دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات.
7 ئەگەر بێتو ئەو خزمەتەی کە بووە هۆی مردن و بە پیت لەسەر بەرد هەڵکەنراو بوو بە شکۆوە هاتبێت، تەنانەت نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانی تەماشای ڕووی موسا بکەن، لەبەر شکۆی ڕووی کە فەوتاوە، 8 ئیتر چەند زیاتر خزمەتی ڕۆحی پیرۆز شکۆدارتر دەبێت؟ 9 چونکە ئەگەر خزمەتی تاوانبارکردن شکۆمەندی بێت، ئاخۆ دەبێ خزمەتی بێتاوانکردن چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا بێت؟ 10 شکۆدارکراویش لە بەراورد بە شکۆی لە ڕادەبەدەر شکۆی نەماوە، 11 چونکە ئەگەر فەوتاو لە شکۆمەندیدا بێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا دەبێت!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.