Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.
51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
2 بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
لە گوناهم پاکم بکەرەوە.
3 چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
4 لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
5 ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
6 ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.
7 بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
8 با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
9 چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
هەموو خراپەکانم بسڕەوە.
10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.
نوێژێکی حەبەقوق
3 نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:
2 ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست،
ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام،
لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە،
با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن،
لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!
3 خودا لە تێمانەوە هات،
پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات. [a]
شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و
ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.
4 پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە،
لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت،
لەوێدا توانای شاردرابووەوە.
5 پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت،
گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.
6 ڕاوەستا و زەوی هەژاند،
تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند.
چیا دێرینەکان کوتران،
گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە،
بەڵام یەزدان جاویدانییە.
7 چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی،
ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.
8 ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟
ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟
ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو،
تاکو سواری ئەسپ بیت و
گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟
9 کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و
داوای تیرێکی زۆرت کرد.
بە ڕووبارەکان زەویت شەق کردووە،
10 چیاکان تۆیان بینی و لەرزین،
لافاوی ئاوەکان تێپەڕین،
قووڵاییەکان دەنگیان هات،
شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.
11 خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان[b]،
بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت،
بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.
12 بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت،
بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.
13 بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە،
بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت.
سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد،
لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.
چەورکردنی عیسا بۆ مردن
12 شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێتعەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 2 لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. 3 مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێی عیسای چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.
4 یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: 5 «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» 6 ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژاران دەخوات، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، هەرچی تێدا دابنرابووایە دەیبرد.
7 عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، 8 چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»
9 کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 10 ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، 11 چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.