Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 51:1-12

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.

51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
    لە گوناهم پاکم بکەرەوە.

چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
    هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
    لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
    دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
    گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
    لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.

بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
    بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
    با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
    هەموو خراپەکانم بسڕەوە.

10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
    ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
    ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
    بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.

ئیشایا 30:15-18

15 یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:

«بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت،
    پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت،
    بەڵام نەتانویست،
16 گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“
    لەبەر ئەوە هەڵدێن!
گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“
    لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن!
17 لە ڕووی نەڕەی یەک کەس
    هەزار کەس هەڵدێت،
لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس
    هەمووتان هەڵدێن،
هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و
    وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.»

18 بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت،
    لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە،
چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە.
    خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!

عیبرانییەکان 4:1-13

بەڵێنی حەسانەوەی خودایی

بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی بەرنەکەوێت. هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت. ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی:

[بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»][a]

هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون. لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: [ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا.][b] دیسان لەمەشدا: [نایەنە ناو حەسانەوەی من.]

ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات. دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد:

[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.][c]

لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد. کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە، 10 چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا. 11 بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت، 12 چونکە پەیامی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوودەم تیژترە، نێوانی دەروون و ڕۆح و جومگە و مۆخی ئێسک دەبڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا دەکاتەوە. 13 بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.