Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە.
38 ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
2 چونکە تیرەکانت منیان پێکا،
دەستت منی خستە خوارەوە.
3 بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە،
بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
4 تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون،
وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.
5 برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە،
بەهۆی گێلایەتی خۆم.
6 پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە،
بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
7 کەلەکەم[a] پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر،
تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
8 بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم،
لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.
9 ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە،
ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
10 دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە،
تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
11 لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن،
خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
12 ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە،
ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن،
بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.
13 بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت،
وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
14 وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت،
هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
15 ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە.
16 چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم خۆش بن،
یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»
17 چونکە خەریکە دەکەوم،
هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
18 دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم،
بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
19 دوژمن چالاک و بەهێزن،
ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
20 ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە،
دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.
21 ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە،
ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
22 ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم،
خێرا بگە فریام.
18 بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت،
لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە،
چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە.
خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!
19 ئەی گەل کە لە سییۆن لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. 20 هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. 21 کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە پێیدا بڕۆن.» 22 پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!»
23 ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن. 24 گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت. 25 جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون. 26 جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات.
چاکبوونەوەی ئیفلیجێک
8 لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو، هێز لە پێیەکانیدا نەبوو، بە زگماک ئیفلیج بوو، هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو. 9 گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد، پۆڵسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە، 10 بە دەنگێکی بەرز گوتی: «هەستە بە پێوە ڕابوەستە!» کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد.
11 کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد، بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد: «خوداوەندەکان[a] شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!» 12 جا بەرناباسیان ناونا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس[b]، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو. 13 ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات.
14 بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد: 15 «خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. 16 ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن. 17 لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.» 18 بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.