Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
18 «باسی سەرەتاکان مەکەن،
لە دێرینەکان ڕامەمێنن.
19 ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم!
ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟
لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و
لە بیابان ڕووبارەکان.
20 ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن،
چەقەڵ و کوندەپەپوو،
چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە،
ڕووبارەکان لە بیاباندا
بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم،
21 ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە
باسی ستایشم دەکەن.
22 «بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب،
لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل.
23 بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا،
بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم.
بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت،
بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت.
24 بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم،
بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم،
بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم،
بە تاوانەکانت ماندووت کردم.
25 «منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە،
لە پێناو خۆم،
گوناهەکانیشت بەبیر خۆمی ناهێنمەوە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
41 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە،
یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.
2 یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە،
لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و
نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.
3 یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و
لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.
4 گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»
5 دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن:
«کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»
6 کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت،
بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە،
کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.
7 هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن،
پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:
8 «دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە،
لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»
9 تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو،
ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.[a]
10 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.
11 بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت،
چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.
12 بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و
لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.
13 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە.
ئامین و ئامین.
18 بەڵام هەروەک چۆن خودا دڵسۆزە، وتەکانمان بۆ ئێوە هەم «بەڵێ» و هەم «نەخێر» نییە. 19 عیسای مەسیحی کوڕی خودا، کە بەهۆی من و سیلا[a] و تیمۆساوسەوە لەنێوتاندا مزگێنی درا، «بەڵێ» و «نەخێر» نەبوو، بەڵام لەلایەن ئەوەوە هەر «بەڵێ» بووە. 20 بەڵێنەکانی خودا هەرچییەک بن، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەبن بە «بەڵێ». بۆیە بەهۆی ئەوەوە دەڵێین «ئامین» بۆ شکۆمەندی خودا. 21 بەڵام ئەوە خودایە کە دەستنیشانی کردووین، هەروەها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ئێمە لەگەڵ ئێوەدا دەچەسپێنێت. 22 خودا مۆری خۆی لێداوین و وەک پێشەکی ڕۆحی خۆی خستە دڵمانەوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
چاککردنەوەی ئیفلیجێک
2 پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە ناو کەفەرناحوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە. 2 خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو. ئەویش وشەی خودای بۆیان ڕاگەیاند. 3 لەو کاتەدا ئیفلیجێکیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو. 4 بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو.
5 کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.»
6 هەندێک مامۆستایانی تەورات لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا بیریان دەکردەوە: 7 «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»
8 دەستبەجێ عیسا لە ناخی خۆیدا زانی لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ 9 کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بڵێی: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بڵێی: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟ 10 بەڵام تاکو بزانن، کوڕی مرۆڤ[a] لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: 11 «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 12 ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.