Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 41

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

41 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە،
    یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.
یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە،
    لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و
    نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.
یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و
    لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.

گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
    چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»
دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن:
    «کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»
کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت،
    بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە،
    کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.

هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن،
    پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:
«دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە،
    لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»
تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو،
    ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.[a]

10 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
    هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.
11 بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت،
    چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.
12 بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و
    لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.

13 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە.
            ئامین و ئامین.

ئیشایا 39

نێردراوانی بابل

39 لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە نەخۆش کەوتووە و چاک بووەتەوە. جا حەزقیا دڵخۆش بوو بە هاتنیان و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.

ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟»

حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.»

ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟»

حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.»

ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدانی سوپاسالار بگرە، یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت. لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»

حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە.» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی[a]: «واتە ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا دەبێت.»

لۆقا 4:38-41

چاککردنەوەی خەڵکێکی زۆر

38 عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، لەبەر ئەو تکایان لێکرد. 39 ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستایەوە و خزمەتی کردن.

40 کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە. 41 ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.