Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 18:15-20

15 یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتان لە براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دەستنیشان دەکات، گوێی لێ دەگرن. 16 بەگوێرەی هەموو ئەو شتانەی لە یەزدانی پەروەردگارتان داوا کرد لە حۆرێڤ لە ڕۆژی کۆبوونەوە و گوتتان: «با ئیتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان نەبێت و ئەم ئاگرە مەزنەش نەبینینەوە، نەوەک بمرین.»

17 یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکیان کرد لەوەی گوتیان، 18 لەنێو براکانیان پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دادەنێم و وتەکانم دەخەمە دەمی و ئەوەی فەرمانی پێدەدەم ئەو بۆیان پێی دەدوێت. 19 جا وا دەبێت ئەو کەسەی گوێ لە وشەکانم نەگرێت کە ئەو بە ناوی منەوە پێی دەدوێت، من لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەم. 20 بەڵام ئەو پێغەمبەرەی لووتبەرز دەبێت و بە ناوی منەوە قسەیەک دەکات کە من فەرمانم پێی نەکردووە بیکات، یان ئەوەی بە ناوی خودای دیکەوە قسە بکات، ئەو پێغەمبەرە دەبێت بمرێت.»

زەبوورەکان 111

111 هەلیلویا!

بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم،
    لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان.

کردارەکانی یەزدان مەزنن،
    هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.
بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی،
    ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە.
وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە،
    یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە.
خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن،
    هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە.

هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە،
    بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون.
کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە،
    ڕێنماییەکانی جێی متمانەن،
هەتاهەتایە چەسپاون،
    بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون.
کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد،
    فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە،
    پیرۆز و سامناکە ناوی.

10 لەخواترسی سەرەتای داناییە،
    تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن.
    ستایشەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.

یەکەم کۆرنسۆس 8

قوربانی بتەکان

سەبارەت بە قوربانی بتەکان، دەزانین کە هەموومان زانیاریمان هەیە. زانیاری لووتبەرز دەکات، بەڵام خۆشەویستی بنیاد دەنێت. ئەگەر یەکێک وایزانی شتێک دەزانێت، ئەوا هێشتا نازانێ وەک پێویستە بزانێت. بەڵام ئەگەر یەکێک خودای خۆشبوێ، ئەوا لەلای ناسراوە.

جا سەبارەت بە خواردنی قوربانی بتەکان، دەزانین بت[a] لە جیهاندا نییە و هیچ خودایەک نییە جگە لە یەکێک. ئەگەر هەندێک هەبن پێیان بگوترێت «خودا» لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەروەک زۆر «خوداوەند» و زۆر «گەورە» هەیە، بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەوین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوە و ئێمەش بەهۆی ئەوین.

بەڵام هەموو خەڵک ئەمە نازانن، چونکە هەندێکیان هەتا ئێستا خوویان بە بت گرتووە و ئەوەی دەیخۆن وەک بڵێی قوربانی بتە، ویژدانیان گڵاو دەبێت، چونکە لاوازە. بەڵام خواردن لە خودا نزیکمان ناکاتەوە، ئەگەر نەیخۆین کەم ناکەین و ئەگەر خواردیشمان زیاد ناکەین.

بەڵام وریابن سەربەستیتان نەبێتە کۆسپ بۆ لاوازەکان[b]. 10 ئەی خاوەن زانیاری، ئەگەر یەکێک تۆی بینی لە پەرستگای بت دەخۆیت، ئایا ویژدانەکەی کە لاوازە هاننادرێت تاکو لە قوربانی بتەکان بخوات؟ 11 جا بەهۆی زانیاریت ئەو برایەی لاوازە، کە مەسیح لە پێناوی مرد، لەناودەچێت. 12 ئاواش گوناه لە دژی برایان دەکەن و ویژدانی لاوازیان بریندار دەکەن، گوناه لە دژی مەسیح دەکەن. 13 لەبەر ئەوە، ئەگەر خۆراک ببێتە هۆکاری کەوتنی براکەم، ئەوا هەرگیز گۆشت ناخۆم تاکو نەبم بە کۆسپ بۆ براکەم.

مەرقۆس 1:21-28

دەرکردنی ڕۆحی پیس

21 ئینجا چوونە کەفەرناحوم. لە ڕۆژی شەممەدا عیسا چووە کەنیشت و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک. 22 خەڵکی لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات[a]. 23 لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەپڕ هاواری کرد، 24 گوتی: «عیسای ناسیرەیی، چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت!»

25 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» 26 ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە.

27 هەموو سەرسام بوون و کەوتنە پرسیار لە یەکتری: «ئەمە چییە؟ فێرکردنێکی نوێیە بە دەسەڵاتەوە! فەرمان بە ڕۆحە پیسەکانیش دەدات و گوێڕایەڵی دەبن.» 28 یەکسەر ناوبانگی بە هەموو ناوچەی دەوروبەری جەلیلدا بڵاو بووەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.