Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 86

نوێژێکی داود.

86 ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە،
    من هەژار و نەدارم.
ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم،
    تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە،
    ئەوەی پشتی پێت بەستووە.
ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە،
    بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم.
گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە،
    ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت،
    پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.
ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
    گوێ لە پاڕانەوەم بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
    چونکە بە هاوارمەوە دێیت.

ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟
    کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟
ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون،
    دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و
    ناوت شکۆدار دەکەن.
10 چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە،
    هەر تەنها تۆ خودایت.

11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
    بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم،
    دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.
12 ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
    هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،
13 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من،
    گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.

14 ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون،
    تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن،
    تۆ لەبەرچاو ناگرن.
15 بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت،
    پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی.
16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
    هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و
    کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
17 نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،
    بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،
    ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.

یەکەم ساموئێل 15:10-31

10 ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی: 11 «خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا، چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.» جا ساموئێل دڵتەنگ بوو، بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد.

12 بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا، جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا: «شاول چوو بۆ کەرمەل[a] و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە، سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.»

13 جا ساموئێل هات بۆ لای شاول، شاول پێی گوت: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت، من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.»

14 بەڵام ساموئێل گوتی: «ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت، ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟»

15 شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە، ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست، لە مەڕ و مانگا، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن، ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.»

16 ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت: «بێدەنگ بە! با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.»

ئەویش گوتی: «پێم بڵێ.»

17 ساموئێل گوتی: «هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت، ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟ ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟ 18 یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی: ”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“ 19 ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟»

20 شاولیش بە ساموئێلی گوت: «من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم، ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد. 21 جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد، باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا[b]، تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.»

22 بەڵام ساموئێل گوتی:

«ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان
    یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟
گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە،
    سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان.
23 چونکە یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە[c]،
    کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە.
لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،
    ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»

24 ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد. 25 ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»

26 بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»

27 کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا. 28 ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە. 29 هەروەها شکۆی[d] ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»

30 شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.» 31 ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.

کردار 5:1-11

حەنانیا و سەفیرە

پیاوێک ناوی حەنانیا بوو، لەگەڵ سەفیرەی ژنی پارچە زەوییەکی فرۆشت. بە ئاگاداری ژنەکەی بەشێک لە نرخەکەی بۆ خۆی هەڵگرت، ئەوەی مایەوە هێنای و خستییە بەرپێی نێردراوان.

پەترۆس گوتی: «حەنانیا، بۆچی شەیتان دڵی پڕکردوویت، تاکو درۆ لەگەڵ ڕۆحی پیرۆز بکەیت و لە نرخی زەوییەکە بەشێک بۆ خۆت هەڵبگریت؟ ئایا نەتدەتوانی کێڵگەکە بۆ خۆت دابنێیت و نەیفرۆشی کاتێک کە هی خۆت بوو؟ پاش فرۆشتنی ئایا مافی ئەوەت نەبوو نرخەکەی هەڵبگریت؟ ئیتر بۆچی لە دڵی خۆتدا ویستت ناپاکی بکەیت؟ تۆ درۆت لەگەڵ خەڵک نەکرد، بەڵکو لەگەڵ خودا.»

کاتێک حەنانیا گوێی لەم قسەیە بوو کەوت و مرد. هەموو ئەوانەی ئەمەیان بیست ترسێکی گەورەیان لێ نیشت. ئینجا چەند گەنجێک هەستان و کفنیان کرد، هەڵیانگرت بۆ دەرەوە و ناشتیان.

پاش نزیکەی سێ کاتژمێر، ژنەکەی هاتە ژوورە و نەیدەزانی چی ڕوویداوە. پەترۆس لێی پرسی: «پێم بڵێ، زەوییەکەتان بەم بڕە فرۆشت؟»

گوتی: «بەڵێ، بەم بڕە.»

پەترۆسیش پێی گوت: «بۆچی ڕێککەوتن ڕۆحی یەزدان تاقی بکەنەوە؟ ئەوەتا ئەوانەی مێردەکەتیان ناشت لە بەردەرگان، تۆش هەڵدەگرنە دەرەوە.»

10 دەستبەجێ لەبەرپێی کەوت و مرد. کاتێک گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بینییان مردووە، هەڵیانگرت و لەتەنیشت مێردەکەی ناشتیان. 11 ئیتر ترسێکی گەورە هاتە سەر هەموو کڵێسا و هەموو ئەوانەی ئەمانەیان بیست.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.