Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 139:1-6

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
    منت ناسی.
هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
    لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
    شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
    تۆ بە تەواوی دەیزانی.
لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
    دەستت دەخەیتە سەرم.
ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
    لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.

زەبوورەکان 139:13-18

13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
    لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
    کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
    لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
    کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
    لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
    هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
    پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
    کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
    کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.

یەکەم ساموئێل 2:21-25

21 جا کە یەزدان حەنای بەسەرکردەوە، سکی پڕ بوو و سێ کوڕ و دوو کچی بوو. لەو ماوەیەدا ساموئێلی کوڕی لەبەردەم یەزداندا گەورە بوو.

22 عێلی زۆر پیر بوو و هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە کوڕەکانی دەرهەق بە ئیسرائیل دەیانکرد و هەروەها چۆن جووت دەبوون لەگەڵ ئەو ژنانەی لەبەردەم دەرگای چادری چاوپێکەوتندا خزمەتیان دەکرد. 23 جا لێی پرسین: «بۆچی ئەم شتانە دەکەن؟ چونکە لەلای هەموو ئەم گەلە من ڕەفتارە خراپەکانتانم بیستووە. 24 نەخێر کوڕەکانم، ئەو هەواڵەی کە دەیبیستم لەنێو گەلی یەزدان بڵاو دەکرێتەوە باش نییە. 25 ئەگەر کەسێک دەرهەق بە کەسێک گوناه بکات، خودا ناوبژیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر کەسێک دەرهەق بە یەزدان گوناه بکات، کێ داکۆکی لێ دەکات؟» بەڵام گوێیان لە قسەی باوکیان نەگرت، چونکە یەزدان خوازیار بوو بیانمرێنێت.

مەتا 25:1-13

نموونەی کچە داناکان و کچە گێلەکان

25 «لەم کاتەدا شانشینی ئاسمان وەکو دە پاکیزە دەبێ، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا. گێلەکان چراکانیان برد و زەیتیان[a] لەگەڵ خۆیان نەبرد. بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد. کاتێک زاوا دواکەوت، هەموو خەویان هات و نوستن.

«لە نیوەشەودا هاوار کرا: ”ئەوەتا زاوا هات! بەرەو پیری بچن!“

«هەموو ئەو پاکیزانەش هەستان و چراکانیان ئامادە کرد. گێلەکان بە داناکانیان گوت: ”لە زەیتەکەی خۆتان بەشمان بدەن، چونکە چراکانمان دەکوژێتەوە!“

«بەڵام داناکان وەڵامیان دانەوە: ”لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەکات. چاکترە بچنە لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بکڕن.“

10 «کە ئەوان بۆ کڕین چوون، زاوا هات، ئەوانەی بۆ زەماوەندەکە ئامادەبوون، لەگەڵی چوونە ژوورەوە و دەرگا داخرا.

11 «پاشان پاکیزەکانی دیکەش هاتن و گوتیان: ”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بکەرەوە!“

12 «وەڵامی دایەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“

13 «کەواتە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.