Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.
139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
منت ناسی.
2 هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
3 ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
4 ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
تۆ بە تەواوی دەیزانی.
5 لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
دەستت دەخەیتە سەرم.
6 ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.
13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.
16 ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن. 17 تەنانەت گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان[a] کرد بەوەی دوای خودایانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون. 18 هەر جارێک یەزدان ڕابەری[b] بۆ هەستاندبانایەوە، یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن، چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە. 19 بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا.
20 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی: «چونکە ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت، 21 هەروەها منیش ئیتر هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم، لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن. 22 بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە: ئایا وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن، یان نا.» 23 ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنا و بە خێرایی دەرینەکردن و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە.
16 پۆڵس هەستا و بە دەست ئاماژەی کرد، گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئەو ناجولەکانەی کە لە خودا دەترسن، گوێ بگرن: 17 خودای ئەم گەلەی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد و لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسردا کردنی بە گەلێکی مەزن، ئینجا بە بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان. 18 نزیکەی چل ساڵیش لە چۆڵەوانی بەرگەی ڕەفتاری ئەوانی گرت، 19 ئینجا حەوت نەتەوەی لە خاکی کەنعان لەناوبرد و خاکەکەیانی بە میرات پێدان. 20 ئەمە هەمووی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵی خایاند.
«لەدوای ئەمە خودا دادوەری بۆ دانان هەتا سەردەمی ساموئێل پێغەمبەر. 21 ئینجا داوای پاشایان کرد، خوداش شاولی کوڕی قیشی پێدان، پیاوێکە لە تیرەی بنیامین، بۆ ماوەی چل ساڵ پاشایەتی کردن. 22 پاشان لایبرد و داودی کردە پاشایان، ئەوەی شایەتی بۆ دا و فەرمووی: [داودی کوڕی یەسام دۆزییەوە، پیاوێکە بە دڵی خۆم، ئەوەی هەموو خواستی من جێبەجێ دەکات.][a]
23 «لە نەوەی ئەوەوە، خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی عیسای ڕزگارکەری بۆ ئیسرائیل هێنا. 24 پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند. 25 کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وادەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.