Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
دەستنیشانکردنی داود لەلایەن ساموئێل
16 جا یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «هەتا کەی شیوەن بۆ شاول دەگێڕیت؟ چونکە من ڕەتم کردووەتەوە پاشای ئیسرائیل بێت، قۆچەکەت پڕ بکە لە زەیت و بڕۆ، دەتنێرم بۆ لای یەسای بێتلەحمی، لەنێو کوڕەکانیدا پاشایەکم بۆ خۆم هەڵبژاردووە.»
2 ساموئێلیش گوتی: «چۆن بڕۆم؟ ئەگەر شاول ئەمە ببیستێتەوە دەمکوژێت.»
یەزدانیش فەرمووی: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[a] لەگەڵ دەستت دەبەیت و دەڵێیت: ”بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان هاتووم.“ 3 جا یەسا بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکە بانگهێشت دەکەیت و من فێرت دەکەم چی بکەیت و ئەو کەسەم بۆ دەستنیشان[b] دەکەیت کە پێت دەفەرمووم.»
4 ساموئێل ئەوەی کرد کە یەزدان پێی فەرموو، هات بۆ بێتلەحم و پیرانی شارۆچکەکە بە ترسەوە پێشوازییان کرد و گوتیان: «بە ئاشتی هاتوویت؟»
5 ساموئێلیش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشتییە، هاتووم بۆ سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدان، خۆتان تەرخان بکەن و لەگەڵمدا وەرن بۆ قوربانییەکە.» ئینجا یەسا و کوڕەکانی تەرخان کرد و بۆ قوربانییەکە بانگهێشتی کردن.
6 کاتێک هاتن، ساموئێل تەماشای ئەلیابی کرد و لەبەرخۆیەوە گوتی: «بە دڵنیاییەوە ئەوەیە یەزدان دەستنیشانی کردووە، لەبەردەمیەتی.»
7 بەڵام یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «تەماشای سەروسیما و بەرزی باڵای مەکە، چونکە ڕەتم کردووەتەوە. یەزدان وەک مرۆڤ تەماشا ناکات، چونکە مرۆڤ تەماشای ڕوخساری دەرەوە دەکات، بەڵام یەزدان تەماشای دڵ دەکات.»
8 دوای ئەوەی یەسا ئەبینادابی بانگکرد و بە بەردەم ساموئێلدا تێپەڕی کرد، ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.» 9 ئینجا یەسا شەممای تێپەڕاند و ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.» 10 یەسا هەر حەوت کوڕەکەی لەبەردەم ساموئێلدا تێپەڕاند. ساموئێلیش بە یەسای گوت: «یەزدان لەمانەی هەڵنەبژاردووە.» 11 لە یەسای پرسی: «ئایا هەموو کوڕەکانت لێرەن؟»
ئەویش گوتی: «بچووکترینیان هێشتا ماوە و مەڕ دەلەوەڕێنێت.»
ساموئێلیش گوتی: «بنێرە بەدوایدا و بیهێنە، چونکە دانانیشین هەتا ئەو دێتە ئێرە.»
12 ئەویش بەدوایدا ناردی و هێنای، سوورەیەکی چاوجوانی قۆز بوو.
ئینجا یەزدان فەرمووی: «هەستە و دەستنیشانی بکە، چونکە ئەمە خۆیەتی.»
13 ساموئێل قۆچە زەیتەکەی برد و لەنێو براکانیدا دەستنیشانی کرد و لەو ڕۆژە بەدواوە ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەر داود. پاشان ساموئێل هەستا و چوو بۆ ڕامە.
11 بەم شتانە ڕاسپێرە و فێر بکە. 12 با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە نموونەی باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. 13 هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. 14 ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.
15 بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت. 16 ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.