Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 69:1-3

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود.

69 ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
    چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
    جێی پێی تێدا نییە.
چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
    لافاو ڕایماڵیوم.
ماندوو بووم لە هاوارکردن،
    گەرووم ژان دەکات،
چاوەکانم کز بوون
    هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.

زەبوورەکان 69:13-16

13 ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە،
    لە کاتی ڕەزامەندیت،
ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت،
    بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.
14 دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم،
    لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.
15 با لافاو ڕام نەماڵێت،
    قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت،
    زەوی قووتم نەدات.

16 ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،

زەبوورەکان 69:30-36

30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
    بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
    لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
    ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!
33 چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
    بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.

34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
    دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
    شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
36     دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
    ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.

پەیدابوون 4:17-5:5

17 قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناونا حەنۆخ. 18 حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو.

19 لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو. 20 لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و ئەوانەی کە خاوەن مەڕوماڵات بوون. 21 براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا. 22 چیلاش کوڕێکی بوو توبەل قەین کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن بوون. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو.

23 لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت:

«عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت،
    ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن.
پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم،
    لاوێکێش لەسەر ئەوەی زامداری کردم.
24 ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە،
    بەڵام بۆ لامەخ ئەوا حەفتا و حەوت جار.»

25 جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «خودا لە جیاتی هابیل کوڕێکی دیکەی بۆ دیاری کردم، ئەوەی قایین کوشتی.» 26 هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش.

لەو کاتە بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە[a].

لە ئادەمەوە هەتا نوح

ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە.

ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا، لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد. بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن. ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ».

کاتێک ئادەم تەمەنی سەد و سی ساڵ بوو، کوڕێکی بوو لە وێنەی خۆی و لە خۆی دەچوو، ناوی لێنا شیت. دوای لەدایکبوونی شیت، ئادەم هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی ئادەم نۆ سەد و سی ساڵ بوو، ئیتر مرد.

ڕۆما 3:9-22

هیچ مرۆڤێک بێ گوناه نییە

کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن، 10 وەک نووسراوە:

[کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،
11     کەس نییە تێبگات،
    کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.
12 هەموو ڕوویان وەرگێڕا و
    تێکڕا بێ سوود بوون.
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.][a]
13 [قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
    بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.][b]
[ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.][c]
14     [دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.][d]
15 [پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،
16     وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە
17 ڕێگای ئاشتی پێنازانن.][e]
18     [ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.][f]

19 ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا. 20 بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە[g] دەناسرێت.

بێتاوانکردن بە باوەڕ

21 بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن. 22 ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی،

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.