Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
96 گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ،
گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی.
2 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن،
ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
3 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
4 چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
5 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
6 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان.
7 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،
ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
8 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی.
9 کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە،
ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن.
10 لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!
جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت،
بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.»
11 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
12 با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن،
13 لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی،
گەلانیش بە دڵسۆزی.
14 سییۆنی کچ گۆرانی بڵێ،
ئەی ئیسرائیل، هاواری خۆشی بکە!
بە هەموو دڵتەوە شادمان و دڵخۆشبە،
ئەی ئۆرشەلیمی کچ!
15 یەزدان سزاکەی تۆی داماڵی،
دوژمنەکەت کشایەوە.
یەزدان، پاشای ئیسرائیل، لەگەڵ تۆیە،
جارێکی دیکە لە خراپە ناترسیت.
16 لەو ڕۆژەدا بە ئۆرشەلیم دەگوترێت:
«ئەی سییۆن مەترسە،
دەستت شل مەکە.
17 یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە،
لە ڕزگارکردن قارەمانە.
بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت،
لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە،
بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»
18 «ئەوانەی بۆ نەمانی جەژن دەگریێن
لە تۆ دایاندەماڵم،
لەمەودوا شەرمەزاری هەڵناگریت.
19 لەو کاتەدا من سزایان دەدەم
هەموو ئەوانەی زەلیلیان کردیت؛
شەلەکە ڕزگار دەکەم و
ئەوانەی دوورخراوبوونەوە کۆیان دەکەمەوە.
ستایش و ناوبانگیان پێ دەبەخشم
لە هەموو خاکێک کە شەرمەزار بوون.
20 لەو کاتەدا کۆتان دەکەمەوە،
لەو کاتەدا دەتانگەڕێنمەوە خاکی خۆتان.
ستایش و ناوبانگتان پێ دەبەخشم
لەنێو هەموو گەلانی زەوی،
کاتێک ڕاپێچکراوەکانتان و بەختیاریتان
لەبەرچاوتان دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 جگە لەوەش کاتەکە دەزانن، وا کاتی ئەوەیە لە خەو هەستن، چونکە ئێستا ڕزگاریمان نزیکترە لەو کاتەی باوەڕمان هێنا. 12 شەو لە تەواوبوونە، وا ڕۆژ هەڵدێت. با کرداری تاریکی دابکەنین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین. 13 با بەڕێزەوە ڕەفتار بکەین وەک چۆن لە ڕۆژدا ڕەفتار دەکرێت، نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشی، داوێنپیسی و بەڕەڵایی، ناکۆکی و ئیرەیی. 14 بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.