Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
121 چاوم بەرەو چیاکان[a] هەڵدەبڕم،
یارمەتی من لەکوێوە دێت؟
2 یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
3 لێ ناگەڕێت پێت بخزێت،
ئەوەی دەتپارێزێت خەواڵوو نابێت.
4 بێگومان ئەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت
خەواڵوو نابێت و نانوێت.
5 یەزدان پارێزگاری تۆیە،
یەزدان سێبەری تۆیە لەلای دەستە ڕاستت،
6 نە خۆر بە ڕۆژ ئەزیەتت دەدات،
نە مانگ بە شەو.
7 یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت،
گیانت دەپارێزێت.
8 یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات،
لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
تەرخانکردنی نۆبەرە
13 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ من تەرخان بکەن. یەکەم بەری سک لە نەوەی ئیسرائیل لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، ئەوە بۆ منە.»
3 موسا بە گەلی گوت: «یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە خاکی کۆیلایەتی، کە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لێرە دەریهێنان، هیچ شتێکی بە هەویرترش مەخۆن. 4 ئێستا، کە مانگی ئاڤیڤە[a]، ئێوە میسر بەجێدەهێڵن. 5 کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، ئەوا لەو مانگەدا ئێوە ئەو ئەرکە بەجێدەگەیەنن. 6 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و لە ڕۆژی حەوتەم جەژنە بۆ یەزدان. 7 لەو حەوت ڕۆژەدا نانی فەتیرە دەخورێت و هیچ شتێکی بە هەویرترش لەلاتان نەبینرێت، هیچ هەویرترشێک لە هەموو سنوورەکانتان نەبینرێت.
8 «لەو ڕۆژەدا بە کوڕەکەت ڕادەگەیەنیت و دەڵێیت: ”ئەمە لەبەر ئەوەیە، لەبەر ئەو کارەی کە یەزدان بۆ منی کرد کاتێک لە میسر هاتمە دەرەوە.“ 9 بۆت دەبێتە نیشانەیەک لەسەر دەستت و یادگارییەک لە نێوچەوانت، بۆ ئەوەی فێرکردنی یەزدان لە دەمت بێت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێنایت. 10 ئەو فەرزەش ساڵ لەدوای ساڵ لە کاتی خۆیدا بەجێدەهێنیت.
دار هەنجیری بێ بەر
18 بەیانی کە دەگەڕایەوە شار، برسی بوو. 19 دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو.
20 کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟»
21 عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت. 22 جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.