Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
121 چاوم بەرەو چیاکان[a] هەڵدەبڕم،
یارمەتی من لەکوێوە دێت؟
2 یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
3 لێ ناگەڕێت پێت بخزێت،
ئەوەی دەتپارێزێت خەواڵوو نابێت.
4 بێگومان ئەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت
خەواڵوو نابێت و نانوێت.
5 یەزدان پارێزگاری تۆیە،
یەزدان سێبەری تۆیە لەلای دەستە ڕاستت،
6 نە خۆر بە ڕۆژ ئەزیەتت دەدات،
نە مانگ بە شەو.
7 یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت،
گیانت دەپارێزێت.
8 یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات،
لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
14 «ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت. 15 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[a] دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش[b] لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت. 16 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[c] ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت، بۆ هەرکەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.
17 «ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت. 18 لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ. 19 حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت، ئەوانەی نامۆن و ئەوانەی هاوڵاتیشن. 20 شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»
21 ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن. 22 دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە. 23 یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.
24 «ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن. 25 ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم خزمەتە دەپارێزن. 26 ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم خزمەتە چییە بۆ ئێوە؟“ 27 ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد. 28 نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
11 خۆشەویستان، وەک نامۆ و بێگانە لێتان دەپاڕێمەوە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگێت. 12 با لەنێو بێباوەڕاندا ڕەوشتتان باش بێت، تاکو کاتێک بوختانتان پێ دەکەن گوایا ئێوە بەدکارن، کردەوە چاکەکانتان ببینن و لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەی خوداش ئەوان شکۆداری بکەن.
ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران
13 لەبەر مەسیحی باڵادەست ملکەچی هەموو دەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار، 14 یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران، 15 چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانی گێلەکان بێدەنگ بکەن. 16 وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین. 17 ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن، ڕێز لە پاشا بگرن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.