Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 149

149 هەلیلویا!

گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
    ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.

با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت،
    با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.
با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن،
    بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،
چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی،
    بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.
با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن،
    با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.

با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت،
    شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،
هەتا تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە،
    گەلان سزا بدەن،
هەتا پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە،
    کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،
هەتا حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن.
    ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی.

هەلیلویا.

دەرچوون 11

کارەساتی دەیەم: مردنی نۆبەرە

11 یەزدان بە موسای فەرموو: «کارەساتێکی دیکە بەسەر فیرعەون و میسردا دەهێنم، دوای ئەمە ڕێتان دەدات بڕۆن، کاتێک ڕێتان دەدات بڕۆن هەمووان لێرە بە دەرکردن دەردەکات. بە گەل بڵێ با هەر پیاوێک یان ژنێک داوای خشڵی زێڕ و زیو لە دراوسێ میسرییەکەی بکات.» یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، هەروەها کاربەدەستانی فیرعەون و گەلی میسر بە چاوی ڕێزەوە سەیری موسایان دەکرد.

موسا گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”من لە دەوروبەری نیوەشەودا دێمە ناو میسر. هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەمرێت، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەختەکەی دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو کەنیزەیەی لە پشت دەستاڕە، نۆبەرەی هەموو ئاژەڵێکی ماڵیش. هاوارێکی مەزنیش لە هەموو خاکی میسردا دەبێت کە وەک ئەوە نەبووە و جارێکی دیکەش نابێت. بەڵام بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل تەنانەت سەگیش پێیان ناوەڕێت، نە بە خەڵک و نە بە ئاژەڵ،“ بۆ ئەوەی بزانن یەزدان جیاوازی لەنێوان گەلی میسری و ئیسرائیلی دەکات. ئیتر هەموو خزمەتکارانت دێنە لام و کڕنۆشم بۆ دەبەن و دەڵێن ”بڕۆن، خۆت و هەموو ئەو گەلەی لەدوای تۆن،“ ئیتر لەپاش ئەوە ئێرە بەجێدەهێڵم و دەڕۆم.» ئینجا موسا بە تووڕەییەوە لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.

یەزدان بە موسای فەرموو: «فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، بۆ ئەوەی پەرجووەکانم لە خاکی میسردا زیاد بێت.» 10 موسا و هارون هەموو ئەم پەرجووانەیان لەبەردەم فیرعەون کرد، بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا لە خاکەکەی بڕۆن.

مەتا 23:29-36

29 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای پیاوچاکان دەڕازێننەوە و 30 دەڵێن: ”ئەگەر لە سەردەمی باوباپیراندا بژیاینایە، لە خوێنڕشتنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین.“ 31 کەواتە شایەتی لەسەر خۆتان دەدەن کە کوڕی پێغەمبەرکوژانن. 32 جا ئێوە پێوانەی باوباپیرانتان پڕ بکەن!

33 «ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟ 34 لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. لێیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، لە کەنیشتەکانتان بەر قامچییان دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن. 35 لەبەر ئەوە هەموو خوێنێکی پاک کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان. 36 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.