Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 149

149 هەلیلویا!

گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
    ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.

با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت،
    با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.
با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن،
    بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،
چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی،
    بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.
با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن،
    با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.

با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت،
    شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،
هەتا تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە،
    گەلان سزا بدەن،
هەتا پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە،
    کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،
هەتا حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن.
    ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی.

هەلیلویا.

دەرچوون 9:1-7

کارەساتی پێنجەم: دەردی مەڕوماڵات

یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ کە یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.“ ئەگەر ڕێیان نەدەیت و بەردەوام نەهێڵیت بڕۆن، ئەوا یەزدان دەردێکی زۆر گران دەهێنێتە سەر مەڕوماڵاتەکانت کە لە کێڵگەن، بۆ سەر ئەسپ و گوێدرێژ و وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن. بەڵام یەزدان جیاوازی دەکات لەنێوان مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی میسرییەکان، هیچ ئاژەڵێکی نەوەی ئیسرائیل نامرێت.»

یەزدان کاتێکی دیاری کرد و فەرمووی، «بەیانی یەزدان ئەم کارە لە زەوییەکەدا دەکات.» بۆ بەیانی یەزدان ئەم کارەی کرد و هەموو مەڕوماڵاتی میسرییەکان مردن، بەڵام لە ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل یەکێکیشیان نەمرد. فیرعەونیش ناردی و بینییان تەنانەت یەک ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل نەمردووە، بەڵام هێشتا دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.

دووەم کۆرنسۆس 12:11-21

11 بوومە گێل، بەڵام ئێوە ناچارتان کردم. دەبووایە ئێوە پێمدا هەڵبدەن، چونکە هیچم لە «نێردراوە بەرزەکان» کەمتر نییە، هەرچەندە هیچ نیم. 12 بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە نیشانەکانی نێردراو لەنێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو. 13 چیتان لە کڵێساکانی دیکە کەمترە، جگە لەوەش خۆم نەبوومەتە بارێکی گران بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیە گەردنم ئازاد بکەن!

14 ئەوا سێیەم جارە ئامادەم بێمە لاتان، نابمە بارگرانی بۆتان. داوای شتەکانتان ناکەم، بەڵکو داوای ئێوە دەکەم، چونکە پێویست ناکات منداڵ بۆ دایک و باوک کۆبکەنەوە، بەڵکو پێویستە دایک و باوک بۆ منداڵ کۆبکەنەوە. 15 منیش بەوپەڕی شادییەوە بۆ ئێوە خەرج دەکەم، خۆم خەرجی دەکەم. ئەگەر ئێوەم زۆرتر خۆشدەوێت، ئایا منتان کەمتر خۆشدەوێت؟ 16 ئیتر با وابێت، بارم گران نەکردوون. بەڵام کە فێڵبازم[a]، بە فێڵ لێم سەندوون. 17 ئایا ئەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون، هیچ قازانجێکیان بۆ خودی خۆم هەبووە؟ 18 لە کاتێکدا لە تیتۆس پاڕامەوە تاوەکو بێت بۆ لاتان، ئەو برایەی کە خۆتان دەیناسن لەگەڵیدا ناردم. ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچ قازانجێکی کردووە؟ ئایا بە هەمان ڕۆح ناژین، بە هەمان هەنگاو ناڕۆین؟

19 ئایا پێتان وابووە ئەم ماوە درێژە ئەوەی کە دەیڵێین بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆمان؟ نەخێر، بە ناوی مەسیحەوە ئەم هەموو شتە لەبەردەم خودا دەڵێین. ئەی خۆشەویستان، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئێوە بنیاد بنێین، 20 چونکە من دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان، بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت، ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن، نەوەک لەنێوانتاندا ناکۆکی، چاوپیسی، تووڕەیی، خۆپەرستی، بوختان، قسە هێنان‏و بردن، لەخۆباییبوون، بێسەروبەری هەبێت. 21 هەروەها جارێکی تر کە دێمەوە لاتان، دەترسم خودا من لەنێوتان نزم بکاتەوە و خەفەت بخۆم بۆ زۆر کەس کە پێشتر گوناهیان کردووە و تۆبەیان نەکردووە لەو گڵاوی و بەڕەڵایی و بەدڕەوشتییەی کە کردوویانە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.